كه‌شوهه‌وای رۆژانی جه‌ژنی قوربان ده‌خرێته‌ڕوو

"دووه‌م رۆژی جه‌ژن تۆزێکى سووك دروست بێت"
دیمه‌نی خۆڵبارینی هه‌ولێر.. ئه‌رشیڤ
دیمه‌نی خۆڵبارینی هه‌ولێر.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسیی هه‌رێمی كوردستان، كه‌شوهه‌وای رۆژانی جه‌ژنی قوربان ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان ساماڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك په‌ڵه‌هه‌ور، پله‌ی گه‌رماش له‌ رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژن له‌ هه‌ولێر (43-44) پلە، له‌ سلێمانى (41-42) پلە و له‌ دهۆکیش (42-43) پلەی سیلیزی ده‌بێت.

وه‌زاره‌تی گوستنه‌وه‌ی گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، پێشبینی ده‌كرێت کەشوهەوا له‌ رۆژى شەممە و یەکشەممە ئاسمانى هەرێم ساماڵ بێت لە گەڵ هەندێک پەڵەهەور بە تایبەت لە ناوچەکانى پارێزگای دهۆك.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، پلەکانى گەما له‌ رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هەولێر (43-44) پلە،  له‌ سلێمانى (41-42) پلە، له‌ دهۆک (42-43) پلە، له‌ هەڵەبجە (43-44) پلە، له‌ کەرکووك (45-46) پلە و له‌ گەرمیان (46-47) پلەی سیلیزی ده‌بێت.

كه‌شناسی روونیكرده‌وه‌، له‌ رۆژی یەکشەممە پلەکانى گەرما یەك پلە بەزرتر دەبێتەوە بەبەراورد بە رۆژى پێشوو و رۆژى دووشەممەش پلەکانى گەرما 4 پلە دادەبەزێت، واتە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى پێوانەیی خۆی (ئەمڕۆ هەینى).

راشیگه‌یاند، سەبارەت بە تۆز و خۆڵ پێشبینى دەکرێت، رۆژى یەکشەممە لە باشوورى هەولێر تۆزێکى سووک دروست بێت، تۆزێکى مام ناوەند لە گەرمیان و ده‌وروبه‌ری که‌رکووك لە کاتەکانى شەودا دروست بێت.