هۆشداری دەدرێت لە دروستبوونی کونێکی نوێی ئۆزۆن

"رووبەری کونە نوێیەکەی ئۆزۆن حەوت هێندەی ئەو کونە دەبێت کە لە جەمسەرەکاندا دروست ببوو"
هەسارەی زەوی، وێنەڵ AFP
هەسارەی زەوی، وێنەڵ AFP

K24 - هەولێر:

زانایەك هۆشداری دا لە دروستبوونی کونێکی گەورە لە چینی ئۆزۆن بەسەر ناوچە کەمەرەییەکانی زەویدا.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی سکای نیوز، پرۆفیسۆر چینگ بین لو، توێژەر لە زانکۆی واترلۆ سەبارەت بە دروستبوونی کونە نوێیەکە لە چینی ئۆزۆندا دەڵێت: "رووبەری کونە نوێیەکەی ئۆزۆن حەوت هێندەی ئەو کونە دەبێت کە لە جەمسەرەکاندا دروست ببوو".

پرۆفیسۆر چینگ بین لو لە توێژینەوەیەکیدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو کونە لە سەرەتای ساڵەکانی 1980ـاکانەوە گەشەی کردووە و بە پێچەوانەی کونی جەمسەرەکان لە هەر چوار وەرزی ساڵدا بەدیار دەکەوێت.

ناوبراو گوتی: "نزیکەی نیوەی دانیشتوانی زەوی لە ناوچە کەمەرییەکان دەژین و کونە نوێیەکەش بەسەر ئەو ناوچانەوە دەبێت، ئەمەش دانیشتوانەکەی دەخاتە مەترسییەوە".

توێژینەوەیەك کە گۆڤاری AIP Advances بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "ئەم دۆزینەوانە گرنگ دەبن بۆ تێگەیشتن لە فیزیای هەسارەکان و کەمبوونەوەی ئۆزۆن و گۆڕانی کەشوهەوا و تەندروستی مرۆڤ".

شیبوونەوەی چینی ئۆزۆن هۆکاری دروستبوونی کونی ئۆزۆنە، ئەمەش وادەکات تیشکی سەروو وەنەوشەیی بگاتە زەوی و ژیانی زیندەوارانی ئەم هەسارەیە بخاتە مەترسیەوە. تیشکی سەروو وەنەوشەیی جینەکان لەناودەبات و هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.

یەکەم کونی ئۆزۆن لە ساڵی 1985 دۆزرایەوە، کەبەهۆی داخورانی ئۆزۆنەوە لە هەردوو جەمسەری باکوور و باشوور کونەکە دروست ببوو.