دوای حەوت مانگ پچڕان ئێران جارێکی دیکە کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات

هێڵی کارەبای دیالە - مێرساد 400 مێگاواتی کەوتووەتەوە کار
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

پاش ئەوەی کارەبای نێوان ئێران – عێراق، پچڕا و کاریگەری هەبوو بۆ کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ئێران جارێکی دیکە کارەبا بۆ عێراق دابین دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی حکومی لە پارێزگای دیالە رایگەیاند، دوای پچڕانی کارەبا بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ، جارێکی دیکە ئێران کارەبای هەناردەی پارێزگاکەیان کردووەتەوە، بەمەش کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا بۆ 20 کاتژمێری رۆژانە بەرزدەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی دیالە - مێرساد 400 مێگاواتی کەوتووەتەوە کار، دوای رێککەوتنی لایەنی ئێرانی و عێراقی لەبارەی قەرزەکان و چارەسەرکردنی کێشەی دارایی ئێستا هێڵەکە بە توانای 300 مێگاوات کار دەکات، کە بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگی پەکی کەوتبوو.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، بە کارکردنی هێڵی کارەبای دیالە-مێرساد،  دابینکردنی کارەبای نیشتمانی لە دیالە بۆ 18 تاوەکو 20 کاتژمێری رۆژانە زیاد دەبێت.