بەرپرسێکی باڵای ئێران بەتۆمەتی پیلانگێڕی دەستگیر کرا

یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ریفۆرمخوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 - هەولێر:

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مستەفا تاجزادە، جێگری وەزیری ناوخۆی حکومەتی پێشووی محەممەد خاتەمی و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە ریفۆرمخوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر کرا.

بە گوێرەی میدیا ئێرانیەکان، دوێنێ 8ـی تەمووزی 2022، مستەفا تاجزادە بە تۆمەتی "پیلانگێڕان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" دەستگیر کراوە.

سیاسەتمەداری ئێران، مستەفا تاجزادە
سیاسەتمەداری ئێران، مستەفا تاجزادە

تۆمەتێکی دیکە کە تاجزادە لەسەری دەستگیرکراوە "بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵی ناراست بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی"ـیە.

جگە لە هەواڵی دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، ئاماژە بە هیچ زانیاریەکی دیکە نەدراوە.

تاجزادە لە ساڵی 2009 لەسەروبەندی ناکۆکیەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەستگیر کرا و بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا درا و دواتر ساڵێکی دیکە خرایە سەر سزاکەی.

میدیا ئێرانیەکان تاجزادەیان بە رەخنەگرێکی بوێر ناوزەند کردووە، بەتایبەتی لە کاتی تێپەڕاندنی سزای پێشوویدا، کە چەند جارێك لەناو زیندانەوە نامەی کراوەی ئاراستەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

مستەفا تاجزادە سیاسەتمەدارێکی ناوداری ئێرانە، ئەو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ناوی خۆی تۆمار کرد تا ببێتە یەکێک لە کاندیدانی هەڵبژاردنەکە بەڵام کاندیدبوونی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە رەتکرایەوە.