کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی هەڕەشە دەکەن
K24 - سلێمانی
کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی هەڕەشەی مانگرتن دەکەن و دەڵێن، ئەگەر تا دوای جەژن پارەیان پێنەدرێت کارەکانیان رادەگرن.
شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیاریاندابوو کارەکانیان رابگرن، بەڵام لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە پێیانڕاگەیاندراوە، دوای جەژن کێشەکەیان بۆ چارەسەردەکرێت و پارەیان بۆ خەرجدەکرێت.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی 10 پارەوە پارەی تەواویان بۆ خەرجنەکراوە، تەنیا بۆ سێ مانگ لە ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە بە قەرز مووچەی کرێکارەکانیان پێدراوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە ناو بازاڕ و کۆڵانەکانی سلێمانی لە یەکەم رۆژی جەژندا، شکار شۆڕش گوتی، بەهۆکاری ئەوەی شەوی رابردوو تا درەنگ ناو بازاڕ قەرەباڵغ بووە بۆیە نەتوانراوە پاک بکرێتەوە و دوانیوەڕی هەمووی پاک دەکرێتەوە.
سێ کۆمپانیا پاککردنەوەی سلێمانیان لە ئەستۆدایە کە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی شکار و خالید شینکێ و هەرێمن، بە تەنیا کۆمپانیای شکاری 1600 کارمەندی هەیە کە بەشێکی ناو شاری سلێمانی و قەزاکانی دوکان و چەمچەماڵ پاکدەکاتەوە.