لە کابینەی نۆیەم 96 جار بەرپرسانی باڵای حكومەت و وەزیرەكان بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووە

پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان باشتربووە

K24 - هەولێر

لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەم 96 جار بەرپرسانی باڵای حكومەت و وەزیرەكان بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووەو 275 جاریش چوونەتە كۆبونەوەی لیژنەكان و 4313 پرسیاریش ئاراستەی وەزیرەكان كراوە، وەڵامی 3 ھەزار و862 پرسیاریش دراوەتەوە.

هەر کاتێک دانیشتنەكانی پەرلەمان بەرنامەی كارەكەی پەسندکردنی پڕۆژە یاسا، یان خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی كێشە و داواكاری ھاووڵاتیان بێت، عەبدولواحید لە رێگەی شاشەی موبایلەكەی یان تەلەڤزیۆنەوە چاوی لەسەردانیشتنەكان ھەڵناگرێت، چوونی وەزیرەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەرمووچە و كارەبا و ئاو  و سوتەمەنی و دۆخی ئەمنی و کەرتی تەندروستی لای ئەو جێگەی بایەخ بووە وھەماھەنگی پەرلەمان  و حكوومەتیش بە گرنگ دەزانێت، داواش دەكات ھەماھەنگیەکە بەردەوام بێت ھەرچەندە تێبینی لەسەر ئەدای بەشێك لە پەرلەمانتارانیش ھەیە.

عەبدولواحید عەزیز، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە دەڵێ: "زۆربەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بینەری دانیشتنەكان بووم بە تایبەت لەو كاتانەی باس لە كێشەو گیروگرفتی ھاووڵاتیان كراوە یان وەزیرەكان ئامادە بوون، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەی پەلەمان پیشان دەدات پرسی سوتەمەنی، تەندروستی، مووچە، پرۆژەكان و پەسندکردنی یاسای چەك زۆر گرنگ بوو".

ئەركی پەرلەمان جگە لە یاسادانان چاودێری و بەدواداچوونە، خولی پێنجەم لەم سێ ساڵەی تەمەنیدا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ حكومەت ھەبووە وئەركی چاودێری و بەدواداچوونی ئەوانیشی ئاسان كردووە.

سامان ئەحمەد بەكر، بەرێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "خولی پێنجەمی پەرلەمان زۆر بە باشی چاودێری و بەدواداچوونەكانی كردووە، ئەم ھەماھەنگیەش زۆر باش بووە لەگەڵ حكومەت حكومەتیش زۆر ھاوكاری كردوون، لە ماوەی سێ ساڵ زیاتر لە چوار ھەزار پرسیار بە زارەكی و نووسراو كراوە زیاتر لە 3 ھەزار وەڵامی دراوەتەوە، بەرپرسانی باڵاو وەزیرەكانیش 96 جار ھاتوونەتە كۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە لیژنەكانیش 275 جاریش بەشدار بوون".