رێبوار بابکەیی: کابینەی نۆیەم سێ ساڵی سەرکەوتووی بەڕێکردووە

"بەراورد بە کابینەکانی دیکە، لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین وەزیر بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە"
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ستۆدیۆی کوردستان24
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ستۆدیۆی کوردستان24

K24 – هەولێر:

لە رۆژێکی وەك ئەمڕۆدا لە رێکەوتی 10/7/2019 کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستانیش لەوبارەیەوە دەڵێت "کابینەی نۆیەم سێ ساڵی سەرکەوتووی بەڕێکردووە".

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پەرلەمان و حکومەت، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پەیوەندی نێوان پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند بنچینەیەکی تەندروست بووە، یەکێک لە گرنگترین بنچینەکان، هەماهەنگی حکومەت و پەرلەمان بووە، ئەم هەماهەنگیەش لەوەیا خۆی بینیووەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبووە وەزیرەکانی بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان لەسەر داخوازی پەرلەمانتاران و لیژنەکانی پەرلەمان".

هەر لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا، رێبوار بابکەیی گوتی: "پەرلەمانی کوردستان بە هەموو شێوەیەك چاودێری حکومەتی کردووە و بەراورد بە کابینەکانی دیکە، لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین وەزیر بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتیكی شەفاف بووە و هەموو داتا و زانیاریەکانی داوەتە پەرلەمانتارانی کوردستان کە نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن".

لەبارەی ئەو ئاڵانگاری و قورسیانەی لەم سێ ساڵەدا رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەتەوە، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "لە سەرەتایی دامەزراندینەوە کۆمەڵێک هەلومەرجی دژوار رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەوە، ئەگەر هەر کابینەیەکی دیکە بووایە یان هەر کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی ئەم کابینەیەی کردبا، رەنگە بکەوتبا و نەیتوانیبا ئامانج و پەیامەکان بگەیەنێت، بەڵام ئەم کابینەیە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بە خۆڕاگرییەکی زۆر و بڕوایەکی قوڵەوە، توانی بەردەوام بێت لە کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری، هاوکات پەیامی سیاسیی و جەماوەری بگەیەنێت، لەگەڵ تەنگەژە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە، کابینەی نۆیەم تا ئێستا سێ ساڵی سەرکەوتووی بەڕێکردووە".

پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 313 پرسیاریان ئاراستەی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کردووە، لەو ژمارەیەش حکومەت وەڵامی 3 هەزار و 862 پرسیاری داوەتەوە و تەنیا 451 پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە.

رێبوار بابکەیی لەمبارەیەوە ئاشکرای کرد، "زۆربەی ئەو پرسیارانەی وەڵام نەدراونەتەوە بەهۆی بابەتی رۆتینیەوە وەڵام نەدراونەتەوە"، ناوبراو گوتیشی: "هیواخوازین لەم کابینەیە رۆتینات نەمێنێت و بە دیجیتاڵکردنی پەیوەندیەکان بتوانرێت سوود لە تەکنەلۆجیا وەربگیرێت و ئاستەنگیەکان نەمێنن".