حەوت مامۆستای کورد بەهۆی بەشداری لە هەڵپەڕکێی کوردی لە زانکۆ دەرکران

"رەشبەڵەکی قوتابیان" و رەچاونەکردنی "پۆششی ئیسلامی" لە ئاهەنگەکەدا، هۆکاری دەرکردنی مامۆستاکانن
.
.

K24 -

حەوت مامۆستای زانکۆی پزیشکیی کرماشان بە تۆمەتی "بەشداری لە شایی و هەڵپەڕکێی کوردی" لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان زانکۆکە، لە کار دەرکران.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هەرانا"، رایگەیاندووە "رەشبەڵەکی قوتابیان" و رەچاونەکردنی "پۆششی ئیسلامی" لە ئاهەنگەکەدا، هۆکاری دەرکردنی مامۆستاکانن.

لەو چەند رۆژەی رابردوودا ڤیدیۆی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی پزیشکیی کرماشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی زانکۆکە، بەڕێوەچوونی "ئەم جۆرە" ئاهەنگەی "مەحکوم" کردووە و رایگەیاندووە، هیچ مۆڵەتێک بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە نەدراوە و "ئەمە تێپەڕاندنی هێڵی سوورە".

لە لایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی پیشەیی زانکۆی دەرمانسازی کرماشان لە بەیاننامەیەکدا بەشداری ئەو مامۆستایانەی لە ئاهەنگەکەدا رەتکردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە و لە کاتی دەرچوونی مامۆستاکان لەوێ، قوتابیان و بنەماڵەکانیان ماوەیەکی کورت هەڵپەڕکێی کوردیان کردووە.

بە پێی زانیاریی ئەنجوومەنی پیشەیی زانکۆی دەرمانسازی کرماشان، مامۆستاکان بە فەرمانی سیاوەش وەزیری، یاریدەدەری پەروەردەیی سەرۆکی زانکۆ و "بە ئامانجی تاکەکەسی" بووە.

لە بەیاننامەکەدا و روو لە سیاوەش وەزیری، هاتووە: ئێوە بە تەواوی لەوە دڵنیان کە مامۆستاکان بێتاوانن و ئاهەنگەکەیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئەو کارە ناشیرنەتان لەپێناو گەیشتن بە پلە و پۆستی بەرزتر کردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە هۆی سەرکوتکردنی ئازادی مەدەنی و ئایینی، لەبەرچاونەگرتنی مافی هاووڵاتیبوون و شێوەی هەڵبژرانی ژیانی تاکەکەسی، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی لێ گیراوە.