کابینەی نۆیەم زیاتر لە 120 ملیار دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە

K24 – هەولێر
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 120 ملیار دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکراوە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک وەزارەتی تەندروستی کەوتینە ناو بڵاوبوونەوەی یان تەشەندەکردنی چەند نەخۆشییەک، سەرەتا ئەنفلۆنزای وەرزی بوو دواتر شەپۆلی یەکەمی پەتای کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم شوێن بوو دەستی بە ئیجرائاتەکان کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئەکاتە تەنها 570 حاڵەتی تووشبوو بە کۆرۆنا هەبوو لەگەڵ 17 حاڵەتی مردن بەو پەتایە".
گوتیشی: "ئەرکی وەزارەتی تەندروستی لە سێ ساڵی رابردوودا سێ ئەرکی سەرەکی بووە، باشترکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە هەن و بەردەوامیدان پێیان و هاوکات بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها ریفۆرمکردن لە سیستمی تەندروستی، لە سەردەمی دامەزراندنی عێراق یەک سیستەمی تەندروستی هەبووە، بەڵام بۆ یەکەمجار کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەست بە ریفۆرم لە سیستمی تەندروستی کراوە".
وەزیری تەندروستی، ئاماژەی بەوەشکرد: "باشترکردن سیستمی تەندتروستی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان پێویستی بە ئیرادە هەیە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینە تائێستاش قەیرانەکان بەردەوامن، ئەو بۆشایەی کە حکومەتی عێراق دروستیکردووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم و پاڵپشتی خودی سەرۆکی حکومەت نەبێت، سیستمی تەندروستی تووشی ئیفلیج بوون دەبێت، حکومەتی هەرێم لە رێگەی چەند بودجەیەکی جیاواز پاڵپشتی کەرتی تەندروستی دەکات".
روونیکردەوە: "مانگانە نزیکەی 14 ملیار دینار دەرمان و پێداویسییە پزیشیکییەکان تەرخان دەکرێت، ئێمە چانسی باشمان هەیە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم خۆی پەرۆشی کەرتی تەندروستییە. تەنها بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ماوەی سێ ساڵدا حکومەتی هەرێم زیاتر لە 120 ملیار دیناری تەرخانکردووە".