وەزیری کارەبا: 615 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕەکان زیادکراوە

"بەرهەمهێنانی کارەبا ئێستا 3500 مێگاواتە"
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە کابینەی نۆیەم 615 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕەکان زیادکراوە و چەندین وێستگەی دیکەش دەخرێنەکار.

کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، لە وەزارەتی کارەبا کراوە بە پلان و بەسەر سێ سێکتەر دابەشکرا کە بریتین لە بەرهەمهێنانی کارەبا، گواستنەوەی کارەبا، دابەشکردنی کارەبا، لەو ماوەیەدا توانیومانە 615 مێگاوات کارەبا بێنینەوە ناو تۆڕەکانی کارەبا، لەوانە وێستگەی خەبات کە 300 مێگاوات کارەبایە، هەروەها 165 مێگاوات کارەبا لە گەرمیان، هەروەها چەند وێستگەیەکی دیکەی لە دوکان و دەربەندیخان بڕی کارەبایان لە 150 مێگاوات کارەبایە".

گوتیشی: "لە سێ ساڵدا 60 پڕۆژەی گواستنەوەی کارەبا ئەنجامدراوە، کە بریتین لە هێڵەکانی 132 کەیڤی، هێڵی 33 و وێستگەی 33، هەروەها دانانی چەندین وێستگەی "مۆبایل" گەڕۆک لە ناوچە جیاوازەکان".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی کارەبا پێدانی کارەبا دەگاتە 24 کاتژمێری، وەزیری کارەبا گوتی: "وەک ژێرخان ئێستا 6700 مێگاوات کارەبامان هەیە، جگە لەوەی هەر لەو کابینەدا 2 هەزار و 493 مێگاوات وەکو گڕیبەست کراوە، بەشێکیان کەوتونەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام وەک بەرهەمهێنانی کارەبا ئێستا 3500 مێگاواتە، ئێستا پێدانی کارەبا لە دەوروبەری 16 کاتژمێرە، بەڵام بەپێی ئەو ژێرخانەی کە هەمانە دەگەین بەو ئاستەی کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین".

کەمال محەمەد ساڵح، ئاماژەی بەوەشکرد: "کارپیکردنی وێستگەکان پێویستی بە سوتەمەنییە، ئێستا ئەولەویەتی حکومەت دابینکردنی مووچەیە، دوای ئەوە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن، لە تواناماندا هەیە کارەبا بکەینە 24 کاتژمێر، بەڵام لەسەر حیسابی وەزارەتی دارایی ئەو بوجەی بەردەستە و بۆ مووچە تەرخان دەکرێت دەچێتە سێکتەرێکی دیکە، بۆیە ئێمە خۆمان لەگەڵ داهاتی هەرێم".

ئاشکراشی کرد: "لە مانگی 4ی ساڵی داهاتوو بڕێکی باشی وەبەرهێنانی غاز زیاد دەبێت، بەمەش دەتوانین وێستگەکانی دیکەی کارەبا بەکاربخەین، پێش ئەوەش چەند وێستگەیەکی دیکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخرێنەکار".

وەزیری کارەبا، ئەوەشی خستەڕوو: "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 328 هەزار هاوبەشی کارەبا زیادیکردووە".

جەختیشیکردەوە: "دابەشکردنی کارەبا دەدرێت بە کەرتی تایبەت، بەڵام با خەڵک دڵنیا بێت هیچ کاریگەری لەسەر خەڵک نابێت، بەڵکو باشتر دەبێت، چونکە ئەوکات وەزارەتی کارەبا سەرقاڵ دەبێت بە پڕۆژە و بەرهەمهێنانی کارەبا".