رێژەی خۆدزینەوەی لە چوونەناو ریزەکانی سوپای رووسیا لە سەدا پەنجا زیادی کردووە

روسیا نزیکەی 900 هەزار سەربازی هەیە و ساڵانەش 260 هەزار گەنج وەک سەرباز وەردەگیرێن

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسانی رووسیا ئاشکرایان کردووە دوابەدوای هێرشی سوپای وڵاتەکەیان بۆ سەر ئۆکرانیا، رێژەی راکردنی سەربازان و خۆدزینەوەی گەنجان لە چوونەناو ریزەکانی سوپای رووسیا 50٪ زیادی کردووە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چەند ئەندامێکی پەرلەمانی رووسیا رایگەیاندووە، ئاماری ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە سەربازی رابکەن و بۆ ئەمەش بەدوای راوێژدان، "زۆر زیادی" کردووە.

دێنیس کوکشارۆف ئەندامی پەرلەمانی رووسیا ئاشکرای کردووە، رێژەی ئەو کەسانە 50٪ زیادی کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژیی لەندەن، روسیا نزیکەی 900 هەزار سەربازی هەیە و ساڵانەش 260 هەزار گەنج وەک سەرباز وەردەگیرێن.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە لە کاتی هێرشی رووسیا بۆ ئۆکرانیا تا کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو، 15 هەزار سەربازی رووس کوژراون.

گرووپێکی راوێژکاری یاسایی بە ناوی "هاووڵاتی، سوپا و یاسا" رایگەیاندووە، ئاماری سەردانی خەڵک بە مەبەستی وەرگرتنی راوێژ و خۆدزینەوە لە سەربازی، 10 ئەوەندەی جاران زیادی کردووە.

رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، باسی لە هەوڵی سوپای رووسیا بۆ وەرگرتنی سەربازی زیاتر و رەوانەکردنیان بۆ شەڕی ئۆکرانیا کردووە.