رووسیا و ئەمه‌ریکا لەسەر گەیاندنی کۆمەک بۆ سووریا ناکۆکن

"چوار ملیۆن کەس لە سووریا بەهۆی برسیەتییەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە"
دابه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاری.. ئه‌رشیڤ
دابه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاری.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

ئەنجومەنی ئاسایش بە زۆرینەی دەنگ راسپاردەی گەیاندنی کۆمەك و هاریکاری مرۆیی  بۆ چوار ملیۆن هاووڵاتی سووریا، کە بەهۆی برسیەتییەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەرە، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە، رووسیا بڕیارەکە رەتدەکاتەوە و وڵاتانی دیکەش هەوڵی نێوەندگیری دەدەن.

ئەنجومەنی ئاسایش بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ناردنی کۆمەکی  مرۆیی بۆ سووریا لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ماوەی 6 مانگ درێژ کردەوە، ئەمه‌ریکا و فەرەنسا و بەریتانیاش بە دووری دەزانن لەو ماوەیەدا بتوانرێت کۆمەکی پێویست بگەیەنرێتە سوورییەکان.

هاوکات رووسیا بڕیارەکە رەتدەکاتەوە و ئاستەنگی لەبەردەم جیبەجێکردنیدا دروست دەکات، ئەمه‌ریکا لەسەر ئەم پرسە رەخنە لە رووسیا دەگرێت بەوەی رێگرە لە گەیاندنی کۆمەک بۆ چوار ملیۆن کەس، كه‌ مەترسی گیانلەدەستدانیان لەسەرە.

مارتن گریفیتس، رێکخەری هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە کەناڵی سی بی سی کەنەدی راگەیاندووە، هاریکارییەکان لە پێداویستی خۆراک، دەرمان و پەناگە پێکدێن، ئەگەر لە ماوەیەکی زوودا نەگەیەنرێن؛ ئەوا بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی سووریا گیانلەدەستدەدەن.

لەو بارەیەوە لیندا تۆماس گرینفێڵد باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای كرد، ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵمەتی دابینکردن و گەیاندنی خۆراک بەڕێوەنەبات؛ رێکخراوەکانی دیکە ناتوانن 70%ی ئەو هاوکارییانە بگەیەننە سوورییەکان.

گرینفێڵد لە تویتەر نووسویەتی: نەوەیەک بە تەواوی لە مەترسیدایە، رێکخراوە ناحکومییەکان داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، بەردەوام بن لە کارکردن بۆ رزگارکردنی ژیانیان، ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیشتن بە سازان کارمان کردووه‌.

لەبەرامبەردا دیمیتری پۆلیانسکی جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامیدا بۆ باڵیۆزی ئەمه‌ریکا نوسیویەتی: رووسیا هەوڵی شکستپێهێنانی پرۆسەی گەیاندنی کۆمەک و هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان نادات بۆ سووریا، تەنیا دەمانەوێت هەڵمەتەکە روونتر و کاراتر بێت.