شه‌پۆڵێكی خۆڵبارین به‌ڕێوه‌یه
.jpg)
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (11ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022) كه‌شوهه‌وای چه‌ند رۆژی داهاتووی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆڵێكی خۆڵبارین روو له وڵات بكات و پله‌ی گه‌رماش له هه‌رێمی كوردستان به‌رز ببێته‌وه.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (واع)، ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق بۆ كه‌شوهه‌وای به‌یانی سێشه‌ممه پێشبینی ده‌كات، له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی وڵات ئاسمان له ساماڵه‌وه به‌ره‌و هه‌ور ده‌بێت، له هه‌رێمی كوردستانیش ئاسمان ساماڵ بێت، به‌ڵام له باشووری وڵات ئاسمان نیمچه‌هه‌ور ده‌بێت له‌گه‌ڵ خۆڵبارینێكی سووك.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، پله‌ی گه‌رما له ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق هه‌ر وه‌كو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ده‌بێت، له هه‌رێمی كوردستانیش كه‌مێك پله‌ی گه‌رما به‌رزده‌بێته‌وه.
كه‌شناسی عێراق روونیكرده‌وه، رۆژی چوارشه‌ممه له ناوه‌ڕاستی وڵات خۆڵبارین زیاد ده‌كات، له باشووریش ئاسمان نیمچه‌هه‌ور ده‌بێت، له هه‌رێمی كوردستانیش ئاسمان له ساماڵه‌وه به‌ره‌و نیمچه‌هه‌ور ده‌ڕوات، به‌ڵام پله‌ی گه‌رما كه‌مێك به‌رزتر ده‌بێته‌وه به‌راورد به رۆژی پێشتر.
به گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسی عێراق، شه‌پۆڵێكی خۆڵبارین له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات و ئاسمانی ناوه‌ڕاست و باشووری وڵات داده‌پۆشێت، ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانیش ساماڵ ده‌بێت و پله‌ی گه‌رما جێگیر ده‌بێت، به‌ڵام پله‌ی گه‌رما له ناوه‌ڕاست و باشوور زیاتر به‌زرده‌بێته‌وه.
بۆ رۆژی هه‌ینی، كه‌شناسی پێیوایه شه‌پۆڵی خۆڵبارین له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق چڕتر ده‌بێته‌وه، له هه‌رێمی كوردستانیش ئاسمان هه‌ر ساماڵ ده‌بێت و چه‌ند پله‌یه‌كیش گه‌رما زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق پله‌ی گه‌رما له رۆژی پێشتر نزیكه.