تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق زیادیکردووە

"زۆربەی ئەو کەسانەی بەم دواییانە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ڤاکسینیان وەرنەگرتووە"
نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا
نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند،بەم دواییانە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە زیادی کردووە.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكرده‌وه‌، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە كرد، بەم دواییانە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق زیادی کردووە، "زۆربەی ئەو کەسانەش بەم دواییانە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ڤاکسینیان وەرنەگرتووە".

گوتیشی: لەئێستادا پێویست ناکات بڕیار دەربکرێت، کە کاریگەری لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دروست بکات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئەوەی ئێستا پێویستە، ئەوەیە ھەمووان زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی، بەتایبەتیش لە بەکارھێنانی ماسک و دوورەپەرێزی و وەرگرتنی ڤاکسین".

ماوەیه‌ك‌ ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کەمیی کردبوو، بەڵام لەئێستادا رووی لە زیادبوونە و بەرپرسانی تەندروستی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھۆکاری ئەوەیش بۆ پایەندنەبوونی ھاووڵاتییان بە رێوشوێنە خۆپارێزییەکان دەگەڕێننەوە.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، له‌ سه‌ره‌تای ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆناوه‌ تا ئێستا، 2 ملیۆن و 385 هه‌زار و 477 تووشبوو له‌ عێراق هه‌بووه‌ و 25 هه‌زار 254 تووشبووی په‌تاكه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.