سعوودیه: پلانی وه‌رزی حه‌ج سه‌ركه‌وتوو بوو
K24 - هه‌ولێر:
سعوودیه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه11ـی ته‌مموز / یۆلیۆی 2022 سه‌ركه‌وتنی پلانی وه‌رزی حه‌جی راگه‌یاند.
له‌مباره‌یه‌وه، خالید فه‌یسه‌ڵ، ئه‌میری مه‌ككه‌ی پیرۆز، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ له هه‌موو بوارێكه‌وه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا.
ئەو راشیگه‌یاند، له گشت بواره‌كانی ئاسایش، خزمه‌تگوزاری و ته‌ندروستی، وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ سه‌ركه‌وتوو بوو، هیچ رووداوێك، یاخود په‌تایه‌كی ترسناك له‌نێو حاجیاندا تۆمار نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سه‌ركه‌وتنی پلانی حه‌جی ئه‌مساڵ بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له بواری ماددی و مرۆییەوە بۆ حاجیان دابین كردووە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، فه‌هد جه‌لاجل، وه‌زیری ته‌ندروستی سعوودیه رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی له رێگه‌ی 230 بنكه و 25 هه‌زار پیشه‌وه‌ری ته‌ندروستی پێشكه‌ش به حاجیان كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، 130 هه‌زار حاجی، خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیان پێشكه‌ش كراوه، جیا له ئه‌نجامدانی 10 نه‌شته‌رگه‌ری دڵ (له رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی سینگ) و 187 نه‌شته‌رگه‌ری قه‌سته‌ره، ته‌نیا 38 حاڵه‌تی په‌تای كۆرۆنا له‌م وه‌رزه‌دا تۆمار كراوه.
به گوێره‌ی ئامێرێكی وردی وه‌زاره‌تی حه‌جی سعوودیه، بۆ ئه‌مساڵ 899353 حاجی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه بۆ ئه‌نجامدانی مه‌ناسیكی حه‌ج.