مالیكی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا داوایكردووه‌ كام لایه‌ن به‌ پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت تۆمه‌تباربكرێت؟

"نووری مالیکی راشکاوانە بە حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گوتووە، نابێ ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە دزە بکات"
نووری مالیكی، ئه‌مینداری حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی
نووری مالیكی، ئه‌مینداری حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی

K24 – هه‌ولێر:

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناکۆکییەکی قووڵیان لەبارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتەی کابینە و بەرنامەکەی هەیە، هەر بۆیە نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوای لێکردوون ئەو هەواڵە بۆ دەرەوە دزە نەکات و پارتی و یەکێتی بە هۆکاری پێکنەهاتنی حکومەتی نوێ تۆمەتبار بکرێن.

حوسێن کینانی، کادیری پێشکەوتووی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی ئەو رەوتەی شیعەکان، ئاشکرای کرد کە ناکۆکییەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی "زیاتر" بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دوای چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا و نهێنی بە هیچ ئەنجامێک نەگەن.

کینانی لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی رایگه‌یاند، نووری مالیکی راشکاوانە بە حزبەکانی ناو چوارچێوەی گوتووە، نابێ ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە دزە بکات و بەمیدیایی بکرێ. بۆیە بڕیاریان داوە تۆپەکە بخەنە ناو گۆڕەپانی کوردەوە و ئۆباڵی شکستی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بخەنە ئەستۆی کوردەوە.

لەو چەند رۆژەی رابردوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی نامەیەکی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد. لە نامەکەدا داوا لە پارتی و یەکێتی کراوە لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێک بکەون.

بە گوێری زانیارییەکانی کینانی، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەوە کۆکبوونە ئەگەر پارتی و یەکێتی خۆیان لەسەر یەک کاندید رێکنەکەون، چوارچێوە دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی دەدات.

هاوکات جاسم عیساوی، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی لە ئەنبار بە کوردستان 24 راگەیاند کە پارتی و یەکێتی لە رۆژانی داهاتوودا و بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، کۆ دەبنەوە.

جاسم عیساوی، بە گوێری زانیارییەکانی خۆی، هەمان بۆچوون و لێکدانەوەی حوسێن کینانی هەیە و پێیوایە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێ ئۆباڵی شکستی خۆی بخاتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی.

بە گوێری زانیارییەکانی عیساوی، ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوونە. دەعوە پشتگیری لە نووری مالکی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات وەک سەرۆکوەزیران دەکات. هادی عامری و حزبەکەی دژی کاندیدبوونی مالکین و بەرەیەکی دیکەش دەیانەوەێ رووخساری نوێ و سەربەخۆ کاندید بن.

عیساوی دەڵێ: "هادی عامری بە کاندیدبوونی نووری مالیکی رازی نییە، چونکە پێی وایە بەو کارە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر تووڕە دەبێ، شەقام دەجووڵێ و ئاژاوە دروست دەبێ".

عیساوی دووپاتی لەوەش کردەوە، کێشەی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو ئەوان لەسەر تەواوی پۆستە وەزارییەکان، پلە تایبەتەکان و تەنانەت کارنامەی حکومەتی داهاتووش کۆک نین.