وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: له‌ تەواوی ئۆپراسیۆنە هاوبەشه‌كان ئامانجی گەورە بەدەست هاتوون

"پڕۆسەی چاکسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بەرز نرخێنرا"
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای ده‌كات، بۆ تێکشاندنی تیرۆریستان، لەتەواوی ئەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشانەی ئه‌نجامدراون، ئامانجی گەورە بەدەست هاتوون.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 11ـی ته‌مموز / یۆلیۆی 2022 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تییدا هاتووه‌، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ڵانس، بەرپرسی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان كرد.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی و یەکە سەربازییەکانی ناو وەزارەتی ناوبراو گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، بەبایەخەوە رۆڵی تیمەکانی چاکسازی لە پێشخستنی پڕۆسەكه‌، بەرز نرخێنرا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پرسی مەشق و راهێنانەکان، هه‌روه‌ها دەرەنجامی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانان، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكرا، لەتەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانه‌ی بۆ تێکشاندنی تیرۆریستان ئه‌نجامدراون، ئامانجی گەورە بەدەست هاتوون.