21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز3 دابینكراوە

بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر دەگۆڕدرێت
بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر
بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر

K24 - هەولێر

لەسەر رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان 21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ دابینكراوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند: "لەسەر رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان  21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر تەرخانکراوە و قۆناغ بە قۆناغ پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت".

گوتیشی: "لە قۆناغی یەكەمدا وەزارەتی دارایی 5 ملیاری دابینكردووە، دوای پشووی جەژن بانگەوازی کەمکردنەوەی نهێنی بۆ دەکرێ و دەست بە كاری گۆڕینی دەكەین".

بۆری ئاوی ئیفراز3 ئاوی زۆربەی هەولێر دابەش دەکات، تائێستا 25 جار ئەو بۆریە شكاوە ھەر جارەش بۆ چاككردنەوە 20 ھەزار دۆلار زیاتر تێچووەكەیەتی،  بۆ ئەوەی چارەسەری بنەرەتی بۆ ئەو كێشەیە بكرێت بڕیاری گۆڕینی بۆریەکە دراوە.

پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز 3، رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات، بۆرییەکانی ئیفراز سێ لە جۆر (GRP)ـيه‌، کە یەکێكه‌ لە سەختترین جۆره‌كانی بۆری بۆ چاککردنەوە، هاوكات به‌ هۆی خراپی كوالێتییه‌كه‌ی، به‌ هۆی ساده‌ترین زه‌بری ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌شكێت و زیان به‌ سامانی گشتیی و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت، بە شکانیشی نزیکەی %40 گەڕەکەکانی  ھەولێر بێ ئاو دەبن.