ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب" له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی گه‌ردوون نزیك ده‌بێته‌وه‌

یه‌كه‌م وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب" نمایش كرا‌
وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب"
وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب"

K24 - هه‌ولێر:

یه‌كه‌م وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ به‌ ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب" دوێنی دووشه‌ممه‌ 6:00ی ئێواره‌ به‌كاتی واشنتن له‌لایه‌ن جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڵاوكرایه‌وه‌.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (12ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022) ناسا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وێنه‌ی زیاتر نمایش بكات، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت وێنه‌كان قوڵترین و راستترین وێنەی ئینفرارێد سپێکترۆمی جیهانه‌، کە گه‌له‌ئه‌ستێره‌کان ملیاران ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورن.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا یه‌كه‌م وێنەی نیشاندا و گوتی: ئەم وێنانە بیری جیهان دەخاتەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت کاری مەزن بکات و بیری ئەمه‌ریکیەکانیش بهێنێتەوە "بەتایبەتی منداڵان"، کە هیچ شتێک نییە. "ئەوە ئێمە توانای ئەوەمان نییە بۆ ئەنجامدانی".

تەلەسکۆپی بۆشایی جەیمس وێب، بە بڕی 10 ملیار دۆلار دروستکراوە لە 25ی دیسەمبەری ساڵی رابردووه‌وه‌ هەڵدرا و دوای میراتی تەلەسکۆپی بۆشایی هابڵ دێت.

وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی ته‌له‌سكۆپی
وێنه‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب"

لوقمان حه‌وێز، ئه‌ندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: ئه‌و وێنه‌یه‌ی بایدن نیشانی داوه‌، له‌ رێگەی کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سوورەوە چرکێنراوە، لە چەند فریکوێنسیەکی جیاوازی تیشکەکانی خوار سوور لە رێگەی کامیرای تیشکە نزیکەکانی خوار سوور NIR.Cam لەسەر تەلەسکۆپەکە بۆ ماوەی دوانزە کاتژمێر و نیو ئەو تیشکانەی لە رێگەی هاوێنەکانی تەلەسکۆپەکە کۆکردووه‌تەوە.

گوتیشی: ئەوەی دەیبینین قوڵترین دیمەنی گەردوونە، یەکەم وێنەی ورد و رەنگاوڕەنگی تەلەسکۆپی جێمس وێبە، ئەگەر زوومێکی قووڵ بکەینە سەر وێنەکە ژمارەیەکی زۆر لە خاڵی رووناکی زۆر کز و تەڵخ دەبینین، لە نێوان گەلەئەستێرەکان، ئەوانە یەکەم دیمەنی هەرە دوورترین گەلەئەستێرەکان و هێشووە ئەستێرە سەرەتاییەکانی گەردوونن، کە تا ئێستا دەستمان کەوتبێت، دیمەنی گەلەئەستێرەکان و دیمەنی تەنەکانی گەردوونن هی پێش نزیکەی 13.6 ملیار ساڵ، واتە ئەو گەلەئەستێرانەی دوای دروستبوونی گەردوون دروستبوون بە نزیکەی 200 ملیۆن ساڵ.

ته‌له‌سكۆپی
ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب"

باس له‌وه‌ش ده‌كات، "ئەگەر زووم بکرێتە نێوان ئەو گەلەئەستێرانە؛ ئەوا هەزاران پەڵە لاووناکی زۆر زۆر کز و تەڵخ دەبینین، ئەوانە گەلەئەستێرە هەرەدوورەکانن، هەندێکیان هێندە دوورن تیشکەکانیان تا رادەی 13.6 ملیار ساڵ پێش ئێستا بەڕێکەوتوون و ئێستا ئەو تیشکانە بە ئێمە دەگەن، واتە ئەو پەڵە رووناکیانەی لە وێنەکەدا دیارن، 13.6 ملیار ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورن، بەڵام بێ گومان لەبەر کشانی بەردەوامی گەردوون لەو کاتەوە ئێستا ئەو گەلەئەستێرە هەرەدوورانە هێشتا گەلێک لەوەش دوورترن".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تەلەسکۆپی جێمس وێب لە کۆکردنەوەی تیشکەکانی خوار سوور توانایەکی بێ وێنەی هەیە، لەبەر دووری لە هەسارەی زەوی و مانگ، هەروەها لەبەر ئەوەی تەلەسکۆپەکە پشتی لەخۆرە و لە رێگەی زرێپۆشێکی چەند چینی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەساردی بمێنێتەوە، کامیرایەکی زۆر بەهێزی تیشکەکانی نزیک خوار سووریشی لەسەرە NIR.Cam، کە لە رێگەی هاوێنەکان تیشکە خوار سوورەکان کۆدەکاتەوە

روونیشكرده‌وه‌، تیشکەکانی خوار سوور زیاتر بڕ دەکەن، بەراورد بە تیشکی بینراو، بۆیە بواری بینینی تەنە هەرەدورەکانی نێو قوڵایی گەردوون لە رێگەی تیشکی خوار سوور زۆر زیاترە، ئاژانسی ناسا بۆ چرکاندنی ئەم وێنەیە هێشووە گەلەئەستێرەی SMACS.0723 هەڵبژارد، بەمەبەستی بینینی گەلەئەستێرە و تەنە هەرەدوورەکانی گەردوون، چونکە ئەو هێشووە گەلەئەستێرەیە وەکو گەورەکەرێک کاردەکات بۆ گەورەکردنی تیشکەکانی گەلەئەستێرەکانی پشتەوە، واتە ئەوانەی زۆر زۆر دوورن و لە قوڵایی گەردوونن، ئەم رێگەیە بۆ بینینی قوڵایی گەردوون پێی دەگوترێت "garvitational.lens".

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ کاتژمێر 5:30ی ئێواره‌ بە کاتی کوردستان ئاژانسی ناسا کۆمەڵە وێنەیەکی دیكه‌ش بڵاوبکاتەوە، لەگەڵ پێدانی زانیاری زیاتریش لەسەر ئەم وێنه‌كان.

ته‌له‌سكۆپی
ته‌له‌سكۆپی "جه‌یمس وێب"