هەدەپە: هیچ پەیوەندییەکمان بە پەکەکەوە نییە

"ئێمە هەشت بۆ ١٠ میلیۆن دەنگدەرمان هەیە و هیچ کامیان لەگەڵ دابەشبوونی تورکیادا نین"
میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە
میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە

K24 – هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دووپاتی کردەوە، حزبەکەیان "هیچ" پەیوەندییەکی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە نییە و تەواوی بڕیارەکان لە ئەنجوومەنی حزبەکەیانەوە دەردەچێ.

میدحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی "کەی ئاڕ تی" تورکی، رایگەیاند، حزبەکەیان لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکانی تورکیادا کار دەکات و هیچ نیاز و هەوڵێکی بۆ پارچەکردنی ئەو وڵاتە نییە.

میدحەت سانجار گوتی: ئێمە هەشت بۆ ١٠ میلیۆن دەنگدەرمان هەیە و هیچ کامیان لەگەڵ دابەشبوونی تورکیادا نین. ئەوان خەبات بۆ چارەسەرێکی دیموکراسیانە و یەکپارچەیی تورکیا دەکەن.  

هاوسەرۆکی هەدەپە دووپاتی کردەوە کە ئەوان پەیوەندیان بە پەکەکە و هیچ رێکخستنێکی دیکەوە نییە. ئەو گوتی: هەموو بڕیارەکان لای خۆمان دەردەچن، تەنانەت هەندێ کۆبوونەوەمان نزیکەی حەوت کاتژمێری خایاندووە.

بەشێک لە حزب و دەستەڵاتدارانی تورکیا، هەدەپە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بڕیارەکانی لە "قەندیل" و "ئیمڕالی" وەردەگرێ و هەر بەو بیانوویەشەوە تا ئیستا دەیان ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە لەلایەن دەستەڵاتی دادوەری تورکیاوە، سزای بەندکردنیان بۆ دەرچووە.