جۆن بۆڵتن، لە کودەتای هەندێ وڵاتدا بەشدار بووە

جۆن بۆڵتن لە وەڵامی ئەوەیدا کە یارمەتیدەری پلان بۆ کودەتا لە کام وڵات بووە، تەنیا ئاماژەی بە وێنزوێلا کرد و گوتی: ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە.

K24 -

جۆن بۆڵتن باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و راوێژکای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، دووپاتی کردەوە کە لە داڕشتی پلانی کودەتا لە هەندێ وڵاتدا بەشدار بووە.

تەلەفزیۆنی CNN ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، بۆڵتن ئەو قسانەی دوای کۆبوونەوەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە بارەی هێرشی رۆژی شەشی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 بۆ سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کردووە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەی وڵاتەکەیەوە، بە هاندانی توندوتیژی لە پێناو مانەوە لە دەستەڵاتدا، تۆمەتبار کراوە. ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی 2020 سەرکەوتوو نەبوو.

جۆن بۆڵتن وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو تۆمەتەی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە خراوەتە پاڵ دۆناڵد ترامپ، گوتی: ترامپ دەستەڵاتێکی وای نەبوو کە کودەتایەکی بەرنامەداڕێژراو بکات. وەک کەسێک کە یارمەتیدەری داڕشتی پلانی کودەتا لە هەندێ وڵات بوومە، بێگومان ئەمە کار و هەوڵێکی زۆری دەوێ و خۆشتان ئەمە دەزانن. ترامپ نەیدەتوانی ئەو کارە (کودەتا) بکات.

جۆن بۆڵتن لە وەڵامی ئەوەیدا کە یارمەتیدەری پلان بۆ کودەتا لە کام وڵات بووە، تەنیا ئاماژەی بە وێنزوێلا کرد و گوتی: ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە.

ئەو سەبارەت بە دۆخی وێنزوێلا گوتی: دەرکەوت کە سەرکەوتوو نەبوو ... بەڵام بۆم دەرکەوت کە ئۆپۆزسیۆن بۆ رووخانی سەرۆک کۆمارێکی نایاسایی، چی پێویستە.

جۆن بۆڵتن ساڵی 2019 ئەو کاتەی کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بوو، بە ئاشکرایی پشتگیری لە خواستی خوان گوایدۆ، رێبەری ئۆپۆزسیۆنی وێنزوێلا کرد. خوان گوایدۆ، داوای کردبوو بۆ لادانی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆک کۆماری سۆسیالیست، پشتگیری لە سوپای ئەو وڵاتە بکرێ.

بۆڵتن رایگەیاندبوو کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، نایاساییە، بەڵام دواجار مادۆرۆ لە سەر کورسیی دەستەڵات مایەوە.

جۆن بۆڵتن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە "رەنگە هەندێ شتی دیکە جیا لە وێنزوێلا هەبێ و تۆ بە ئێمەی نەڵێی"، گوتی: راستە، بێگومان هەیە.