سلێمانی...فرۆشتنی جلوبەرگی سەربازی بە ھاووڵاتیان قەدەغە دەكرێت

"ھەركەسێك سەرپێچی بكات سزادەدرێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/fb35bd5b-874c-420b-8e02-d4ff1211b5b5/clubergi%20serbazi%20u%20asaish1.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی فرۆشتنی جلوبەرگی سەربازی بە ھاووڵاتی سڤیل قەدەغە دەكات، ھەر كەسێكیش سەرپێچی بكات سزا دەدرێت، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو بڕیارە بۆ رێگە گرتنە لە رووداوە نەخوازراوەكان كە بە جلوبەرگ و پلەی سەربازی ئەنجام بدرێن.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "ھەر كەسێك جلوبەرگ یان پلەی سەربازی لەبەر بكات و ببەستێ تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت، مەبەستمانە ھاووڵاتیان ئاگادار بكەینەوە كە ئەمە سەرپێچی یاسایە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان ئاگاداربن لەو بابەتە یاساییە".

نەسرەدین سەعید، خاوەنی دوكانی جلوبەرگ و كەلوپەلی سەربازییە بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەو ئیجرائاتەی ئێستا دەكرێت ئێمە لە ساڵی 2006وە دەیكەین، ھەر كەسێك بێتە لامان ناسنامەی لێوەردەگرین ناوەكانیان دەنووسین كەلوپەل بەو كەسانە نافرۆشین كە مەدەنین".

بە پێ ی مادەی261 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 169 هاتووە، هەرهاووڵاتیەکی سڤیل جلوبەرگی سەربازی بپۆشێت، یا هەرسەبازێك پلەی سەربازی زیاتر یا کەمتر لە پلەکەی خۆی ببەستیت، ، سزا دەدرێت بە ساڵێك زیندانی یا بڕێك پارە کە دادگا دیاری دەکات.