وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان له‌ مه‌خموور كۆبوونه‌وه‌

دیمه‌نێكی پێشوازییه‌كه‌
دیمه‌نێكی پێشوازییه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و  فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان له‌باره‌ی باشترکردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی فەرماندە مەیدانیەکان، كۆبوونه‌وه‌.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: لەبارەگای میحوەری 6 لە مەخموور، بەسەرپەرشتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن حامید لەفتە، سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، کۆبوونەوەیەکی دیكه‌ی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق بەڕێوەچوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، کۆڵۆنێڵ لانس، فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و راوێژکارانی ئەمه‌ریکا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئامادەبوون، بارودۆخی ئەمنی ناوچەی هاوبەش، پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

جەخت لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی فەرماندە مەیدانیەکان كرایه‌وه‌، بەشێوەیەک لە تەواوی ناوچەکاندا بتوانن هەماهەنگی باشتر دروستبکەن.

هەروەها تاوتوێی ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنیانە کرا کە هاتوونەتە پێشەوە، هه‌روه‌ها تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوە و رەواندنەوەی مەترسییەکان بەباشی هەڵسەنگێنران.

بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە، بڕیاریشدرا بەردەوامی بە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا بدرێت.

676
7