ئەمەریکا باس لە هەڕەشەیەکی گەورە دەکات

بەهێزبوونی یەکێتی نێوان رووسیا و ئێران بۆ کوشتنی خەڵکی ئۆکرانیا، بابەتێکە کە دەبێ هەموو جیهان وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەیری بکەن.
کۆبوونەوەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران... وێنەی ئەرشیفی
کۆبوونەوەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران... وێنەی ئەرشیفی

K24 -

جیک سالیوان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، باسی لە هەوڵەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ کرد و گوتی: ئەو هەوڵە لە سەردەمی شەری ئۆکرانیادا، هەڕەشەیەکی گەورەیە.

بڕیارە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا، هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، کاتی سەردانەکە پوتن‌ی بە "سەرنجڕاکێش" ناو هێنا.

جیک سالیوان گوتی: بەهێزبوونی یەکێتی نێوان رووسیا و ئێران بۆ کوشتنی خەڵکی ئۆکرانیا، بابەتێکە کە دەبێ هەموو جیهان وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەیری بکەن.

چەند رۆژ لەمەوبەر، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە کە رووسیا بە نیازە فرۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران بکڕێ و لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری بێنێ.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو هەواڵانە، دووپاتی کردەوە کە مێژووی هاوکاری ئێران و رووسیا لە بوار "تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو" بۆ پێش لە شەڕی ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە و "ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی گرنگ لەوبارەیەوە رووینەداوە".

هاوکات دیمیتری پسکۆف، وتەبێژی کرێملین، رۆژی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە سەرۆکی رووسیا لە سەردانیدا بۆ ئێران، باس لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تاران ناکات.

وتەبێژی کۆشکی کرێملین، ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە "رووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە" و تەنیا گوتی: هیچ بۆچوونێکم لەوبارەیەوە نییە.

جان کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو: داواکاری رووسیا بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەکارهێنانی لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا، نیشانەی ئەوەیە کە سوپای رووسیا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، تووشی شکستی گەورە بووە.

جان کێربی، هەروەها دووپاتی کردەوە "رێکەوتنێکی لەو شێوەیە، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیادا، پشتگیری لە رووسیا دەکات".