ئەڵمانیا لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێ

جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، سەبارەت بە بڕیاری مانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "زانیاری زۆر لەگەڵ خۆم دەبەمەوە و لە تشرینی یەکەم، پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر دەدات".
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی تەمووزی 2022، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشدا جەختیان لە بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.

جەنەراڵ مارکوس لاوبێنتاڵ، جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "زۆر گرنگ بوو بۆ من کە سەردانی عێراق و کوردستان بکەم و دۆخەکە ببینم و لێی تێبگەم". سەبارەت بە بڕیاری مانەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، "زانیاری زۆر لەگەڵ خۆم دەبەمەوە و لە تشرینی یەکەم پەرلەمانی ئەڵمانیا لەوبارەیەوە بڕیار دەدات".

جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا جەختیشی کردەوە لەوەی پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێن.  

سەبارەت بە هاوکاریە سەربازیەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە کە ماوەی ساڵێکە راگیراوە، جەنەراڵ مارکوس گوتی: "بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، ئالنگاری ئەمنی زۆر بۆ ئەڵمانیا دروست بووە. ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە پشتیوانیەکی زۆری ئۆکرانیایان کردووە، بۆیە پێویستە پێشنیازی نوێ بۆ ئەم ناوچەیە بکەین، بەڵام دەتوانین دڵنیایی بدەین کە پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا و دابینکردنی راوێژکاری سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: "سەردانی جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و شاندی یاوەری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە پەیامی پشتیوانییە".

جێگری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا، "گرنگە هێزێکی تۆکمە لە هەرێمەکە هەبێت، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەویە تیرۆر، وەك ئەڵمانیا هەر شتێك بە ئێمە بکرێت ئامادەین بیکەین، بەڵام پێویستە ئالنگارییەکان لەبەرچاوبگیرێت".