جەنگی ئیرادە و ژاوەژاو

Kurd24

لانی کەم بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو هەموو ئەو نەتەوە داگیرکەرانەی ویستویانە گەلی کورد لە بۆتەی خۆیاندا بتوێننەوە، پێش جەنگی جەستەیی و سڕینەوە و پاکتاوکردن و جینۆسایدکردن، جەنگی ئیرادەی گەلی ئێمەیان کردووە، چونکە باش لەو راستییە تێگەشتوون هەر گەل و میلەتێک ئیرادەی شکا، تێکشانی فیزیکی و هەوڵی کۆتایی پێهێنانی زۆر ئاسانتر دەبێت.

داگیرکەرانی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو نەیانتوانی ئیرادەی پۆڵاین و نەبەزووی گەلەکەمان لەنێوبەرن، راستە هەندێکجار ئیرادەمان لاواز بووە هەندێکجار سڕبووه، بەڵام هەرگیز نەشکاوە و نەسڕاوەتەوە، بۆیە کۆتاییمان پێ نەهاتووە، هەربۆیە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو، بگرە زیاتریش دوژمنانی ئێمە پیلانەکانیان گۆڕی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئێمەیان خستە ئەستۆی خۆمان، یانی ئەوەی ئەوان نەیانتوانی، بریکار و بەکرێگیراوەکانیان لەخۆمان هاتوون جەنگی ئیرادەی خۆمان دەکەن!

لە سەد ساڵی تەمەنی عێراقدا وەک دەوڵەت بۆ شکاندنی ئیرادەمان هەرچی پێیانکراوە، درێغیان نەکردوە لە ئەنفال و کیمیاباران و خاپورکردن و جینۆسایدکردنمان، وەلێ ئیرادەی ئێمە تەسلیم نەبوو، هەر بۆیە پێش کۆتایهێنانی رژێمی فاشیستی بەعس و دوای کەوتنیشی جۆری جەنگەکەیان بۆ ئێمە گۆڕی، کلکی تەور بەربوویەوە بڕینەوەی قەدی دار.

هەر بۆیە لە سەرەتایی ئەم سەدەیەی تێیداین، بە بەرنامەیەکی ورد و لە تێکشاندنی پەروەدەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کایە مەعریفییەکان و بگرە ئایینییەکانیشەوە بەربوونە گیانی ئەم کۆمەڵگەیە و خەریکی ورد و خاشکردنی هەموو بونیادی ئێمەن، کە مەبەستی سەرەکیشیان کۆنترۆڵکردن و پاشان شکاندنی ئیرادەی ئێمە و کۆتاییپێهێنانمانە.

ئامانجەکانی پشت رووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر)یش بێشک هەر شکاندنی ئیرادە و هەیبەتی گەلی ئێمە بوو، چونکە لەماوەی جەنگی دژی داعشدا کورد ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، وەک براوەی جەنگی دژی داعش ئیرادە و هەستی خۆبەکەم نەزانینی لە ئاستێکی بەرزدابوو، ریفراندۆمی مەزنی کوردستانیش ئەو ئیرادەیەی بردە لوتکە، هەر بۆیە بۆ شکاندنی ئەو ئیرادەیە شانزەی ئۆکتبەریان ئەنجامدا.

لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەریش بینیتان چۆن هەر مانگێك بە جۆرێک لیژنەکانی عێراقی لە ئاستە جیاجیاکان نمایشی خۆیان دەکرد و جەنگی ئیرادەی ئێمەیان دەکرد، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دوای رازیبوونی هەرێم بە زۆرێک لە رێکاره‌كان، سەرەنجام سزادان و چاوسوورکردنەوەکانیش هەر بەردەوامبوون.

داستانی پردێ خاڵی هەستانەوە و بەرزکردنەوەی ئیرادەی گەلی ئێمە بوو بە رووی دوژمن و نەیاراندا و لەوێوە حکومەتی کوردستان پارێزگاری لە ئیرادەی گەلەکەمان کرد و پێی گوتن ئیتر ستۆپ.

ئێستاش، کە چەند ساڵێک بەسەر ئەو رووداوانەدا تێدەپەڕێت، کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە و کارەکتەرێکی گرنگ و کاریگەری ناوچەکەیە و لەسەر مێزی گفتوگۆ و هاوکێشەی وزە و جوڵەی سیاسی نوێدا هەژمارێکی چاولێکراوە و رەنگە دۆخی جەنگی روسیا – ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی بە جووڵەی ژیرانەوە، سەرەنجام بە خزمەتی دۆخی ئێمە بشکێتەوە.

راستە بارودۆخی ئابووری و هۆکارەکانی ژیانێکی شایستە وەک ئەوەی تموحی حکومەت و دەسەڵاتدارێتی کوردستانە بە تەواوی فەراهەم و بەردەست نییە، بەڵام بێشک رێکارەکانی گەشتن بەوەی ویستوومانە، دەستیپێکردەوە و هەنگاوەکانی چاکسازی و رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغداد و کرانەوە بە رووی ئابووری و وزەی جیهاندا و هەوڵی گەیشتن بەو دۆخە ئابووری و وزەیەی دەمانەوێت، بەردەوامە، ئیرادەی دەسەڵاتدارێتی و حکومەتی کوردستان بۆ چاکسازی و ژیانێکی باشتر بەردەوامە و ئیرادەی تەسلیم نەبوونیش بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی بەردەوامە و سەرەنجامیش ئەوانە براوەن، کە جەنگی ئیرادە دەبەنەوە.