وەزارەتی پلاندانانی عێراق: داهاتی تاك بەرزده‌بێتەوە

"داهاتی تاکی عێراقی بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ 6 ملیۆن دینار بووە"

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی پلاندانانی عێراقی پێشبینی دەکات، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ پشکی داهاتی تاکی عێراقی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، داهاتی تاکی عێراقی بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە ساڵی رابردوو 5 بۆ 6 ملیۆن دینار بووە، کە دەکاتە نزیکەی 4 هەزار دۆلاری ئەمه‌ریکی.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهات، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نێوه‌ندی داهاتی تاک لەمساڵدا دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، پشکی تاک بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ، پێنوێنێکی ئابوورییە کە پلەی گەشەی ئابووری وڵاتەکەی پێ دەپیورێت، ئەوەش لە رێگەی کۆی داهاتی وڵات دابەشی تاکەکانی ئەژمار دەکرێت.

عێراق یەکێکە لە وڵاتە عەرەبییانەی، کە بودجەکەی بەشێوەیەکی نیمچە تەواو پشت بە یەک سەرچاوەی داهات بەستووە، واتە زیاتر لە سەدا 90ـی داهاتەکەی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە. ئەمەش وادەکات هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق هەبێت.