عەمباری ئاوی عێراق بە رێژەی سەدا 60 دابەزیوە

رێژەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانەوە، بۆ کەمترین ئاستی 100 ساڵی رابردووی دابەزیوە
ئاستی ئاوی رووباره‌كانی عێراق كه‌می كردووه‌
ئاستی ئاوی رووباره‌كانی عێراق كه‌می كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، عەمباری ئاوی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا 60 دابەزیوە، رێژەی بەردانەوەی ئاویش لەلایەن وڵاتانەوە بۆ کەمترین ئاستی 100 ساڵی رابردووی دابەزیوە.

حاتەم حەمید، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان سەر بە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەو بڕە ئاوەی دەڕژێتە خاکی عێراق، سەدا 35ـی ئاستی ئاساییە، کە ئەوەش کەمترین ئاستیەتی.

ئاماژەی بەوەشدا، رووباری دیالە، کە لە ئێرانەوە دەڕژێتە ناو خاکی عێراق، سەدا 20ـی ئاستی ئاساییەتی، هەروەها رووباری زاب سەدا 40 ئاستی ئاسایی و هەردوو رووباری دیجلە و فوراتیش، کە لە تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە، سەدا 35ـی ئاستی ئاساییەتی.

حاتەم حەمید ئاماژەی بەوەشدا، ئاستی ئاوی عێراق بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەکە کەم دەکات، هەروەها عەمباری ئاوی وڵات بە رێژەی سەدا 60 بەراورد بە 2021 کەمی کردووە.