ئەمەریکا ترسی تیرۆرکردنی بەرپرسانی لەلایەن ئێرانەوە هەیە

K24 - هەولێر:
حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەو باوەڕەدایە، ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەدات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگری کە میدیاکانی ئەمەریکا بەشێکی ناوەڕۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە، رەنگە ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی پێشوو یان ئێستای ئەمەریکا بدات.

رۆژی 3ـی کانوونی دووەمی 2020، سوپای ئەمەریکا بە سەرپەرشتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و چەند بەرپرسێکی سەربازی دیکەی بە ئامانج گرت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوە و جەنەڕاڵ کینێس مەکێنزی فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئامانجی سەرەکی تۆڵەسەندنەوەکەن.
هەر یەك لە دۆناڵد ترەمپ، مایک پۆمپیۆ و جەنەڕاڵ کینێس مەکێنزی، لەوبارەیەوە هیچ هەڵوێست و لێدوانێکیان بۆ رۆژنامەنووسان و رای گشتی بڵاونەکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی بایدن لە هەوڵی زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015ـدایە کە ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا دەستیپێکرد و دۆناڵد ترەمپ هەڵیوەشاندەوە.