سه‌رۆك بارزانی: مامۆستا كەریم ئەحمەد سەركردەیەكی دیار و دڵسۆز و نیشتمانپەروەری كوردستان و عێراق بوو

"ماندوونەناسانە تەمەنێكی دوورودرێژی بۆ ئازادیخوازی و خەبات دژی ستەمكاری تەرخان كرد و رۆڵی بەرچاوی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا هەبووە"
سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ په‌یامێكدا سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنەماڵەی مامۆستا كەریم ئەحمەد و هاوڕێیانی لە حزبی شیوعی كرد و رایگه‌یاند، خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌: بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی ناوداری كورد و سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی كوردستان مامۆستا (كەریم ئەحمەد)ـم بیست.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مامۆستا كەریم ئەحمەد سەركردەیەكی دیار و دڵسۆز و نیشتمانپەروەری كوردستان و عێراق بوو، ماندوونەناسانە تەمەنێكی دوورودرێژی بۆ ئازادیخوازی و خەبات دژی ستەمكاری تەرخان كرد و رۆڵی بەرچاوی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا هەبووە، یادی ئەو تێكۆشەرە مەزنە هەمیشە بەخێر.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە خودای مەزن داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو مامۆستا كەریم ئەحمەد بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، كه‌ریم ئه‌حمه‌د سكرتێری‌ پێشووتری‌ حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان و حزبی شیوعی عێراق له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ ته‌مه‌نی (100) ساڵیدا كۆچی‌ دوایی كرد.

كه‌ریم ئه‌حمه‌د ماوه‌ی 70 ساڵ كاری سیاسی كرد و له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو سكرتێری حزبی شیوعی عێراق بووه‌، دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991یش، شیوعییه‌كانی كوردستان له‌و حزبه‌ جیابوونه‌وه‌ و كه‌ریم ئه‌حمه‌د بووه‌ سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان.