جۆ بایدن: تاهەتایە چاوەڕێی ئێران نابین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: گفتوگۆ و دانووستان, ئێران ناوەستێنێ و ئەگەر حکومەتی تاران لە هەڵخەڵەتاندنی جیهان بەردەوام بێ، باجێکی زۆر قورس دەدات.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و یاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و یاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هه‌ولێر:

جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، وڵاته‌كه‌ی پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل و لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، گوتی: تاهەتایە چاوەڕێی ئێران نابین.

جۆ بایدن، لە دووەمین رۆژی سەردانیدا بۆ ئیسرائیل، رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لەگەڵ یاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئیمزاکرد.

قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی ئیمزاکردنی رێککەوتنامەکە، په‌یوه‌ندی بە دۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراوی رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ هه‌بوو.

بایدن، دووپاتیکردەوە، ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە "راستەقینەن" و گوتی: پابەندین بە پاراستن و سەقامگیریی ئیسرائیل.

بایدن هەروەها گوتی: پێویستە رێگە نەدرێ ئێران، رێکخراوە تیرۆریستییەکان پڕچەک بکات.

ئەو قسانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، دانووستانی تاران و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لەبارەی دۆسیەی ناووکی ئێران، ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە.

جۆ بایدن، پێشتر بە کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، دانووستان لەگەڵ ئێران "باشترین" رێگەیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام دووپاتیشی کردەوە، کۆتا رێگەی حکومەتەکەی بۆ وەستاندنی ئێران لەو کارەدا، "بەکارهێنانی هێزە".

هاوکات یاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دووپاتیکردەوە، "گفتوگۆ و دانووستان ئێران ناوەستێنێ" و ئەگەر حکومەتی تاران لە هەڵخەڵەتاندنی جیهان بەردەوام بێ، "باجێکی زۆر قورس دەدات".