مسته‌فا كازمی مێدالیای شه‌ره‌فی فه‌ره‌نسای پێ به‌خشرا

K24 – هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، مێدالیای شه‌ره‌فی فه‌ره‌نسای پێبه‌خشرا، كه به‌رزترین مێدالی فه‌ره‌نسایه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له میانی پێشوازیكردنی له باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق، ئیریك شوڤالییه، مێدالیاكه به‌خشرایه كازمی، كه به‌رزترین مێدالی فه‌ره‌نسایه و به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن، شوڤالییه مێدالیاكه‌ی به‌خشییه كازمی.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، كازمی سوپاسی ماكرۆن و هه‌وڵه‌كانی فه‌ره‌نسای كردووه، بۆ هاوكاریكردنی عێراق و پرۆسه‌ی دیموكراتی وڵاته‌كه‌ی.
له‌و دیداره‌دا، شاندی فه‌ره‌نسا جه‌ختیان له‌سه‌ر بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و پشتیوانیكردنی پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له عێراق كردووه‌ته‌وه.


