وەزیری پێشمەرگە: لە ساڵێکدا نزیکەی 8 ملیار دینارمان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە

"زیاتر لە 33 هەزار ئەفسەر و پێشمەرگە مووچە لە بانک وەردەگرن"
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

K24 – هەولێر

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی 8 ملیار دیناریان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە و ئێستا 33 هەزار و 382 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە مووچە لە بانک وەردەگرن.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتەیەکیدا بەبۆنەی سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە کابینەی نۆیەم پاڵپشت بە یاسای چاکسازی هەنگاوی گەورە و کاریگەرمان ناوە، کە دەرئەمجامەکەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و گەشەسەندنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، لەبارەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پرۆسەی مووچە لە رێگەی چەکی بانکی و کردنەوەی حیسابی بانکی، تائێستا 33 هەزار و 382 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بەشێوەی چەکی بانکی مووچە وەردەگرن".

گوتیشی: "دوو پڕۆژەی گرنگی مێژووییمان تەواو کردون، کە دەستکەوتی گرنگی وەزارەتی پێشمەرگەن، کە بریتین لە دروستکردنی یەک یەکەی ژمێریاری سەربازی بۆ پێشمەرگەی کوردستان و پرۆژەی بەرگری، هەروەها ئامادەکردن و گواستنەوەی 3 هەزار و 18 دۆسیەی پێشمەرگە بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و گواستنەوەی هەزار و 86 دۆسیەی شەهیدانی سەنگەر لە شەڕی دژی داعش لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 بۆ سەر میلاکی وەزارەتی شەهیدان".

وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەشکرد: "رێگریمان لە بە هەدەردانی داهات کردووە و لە ساڵێکدا نزیکەی 8 ملیار دینارمان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە، هەروەها نزیکەی 14 ملیار دینارمان بۆ هاوکاریی و تێچووی بریندارانی جەنگ و قەرزەکانی کەڵەکە بووی سەر وەزارەت خەرجکردووە".

شۆڕش ئیسماعیل، راشیگەیاند: "لە خولی کۆلیژە سەربازییەکان هەزار ئەفسەر پێگەیەندراوە و 31 ماستەری سەربازی وەرگیراون، هەروەها نزیکەی 300 ئەفسەرو پلەدار بۆ خولی جۆراوجۆ نێردراونەتە دەرەوەی وڵات، هەروەها 250 ئەفسەر بەشداریان خولەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی کردووە، هاوکات شانەیەکی میدیایی وشیاری پێشمەرگەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی جەنگی عێراق دامەزراندووە، بەمەش لێدوان و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیمان بۆ گشت فەرماندە و لێپرسراو و بەرپرس و ئەفسەران رێکخستووەتەوە".