نوێژ وەك فۆڕمێك لە ملکەچی یان دەسەڵاتگەری؟

Kurd24

نوێژ، وەك پەرستش و فەرزێکی ئایینی رۆحانی لە رواڵەتدا رەگەزی ملکەچی و خشوع و لاوازیی و تەسلیم و بێئیرادەیی بووە بەرامبەر خودایەکی خالق و بەدەسەڵات و قاهیر، هەرگیز نوێژ وەک نمایش و نیشاندانی دەسەڵات و جەبەروبی تاك و بەندەکان نەبووە لەسەر زەوی. فۆرمێکی کۆنی عورفی و ئایینی بووە بۆ نیشاندان و خستنەڕووی پاڕانەوە و تەوبە و سازش و پەرستشی بێدەنگ بەرامبەر خودای تاک و توانا.

ئەوەی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی چەند جارێکە بەکاری دەهێنن، وەك خەباتێکی ئایدۆلۆژیی مەزهەبیی بەرهەڵستکاریی تەواو جیاواز و بەسیاسییکراوە و خاڵیی کراوەتەوە لە رۆحانیەتەکەی و وەک قوڵایی هێز و قودرەت و تەحەدا و پەرچەکردار بەکارهاتووە بەرامبەر بێتوانایی حکومەت و کۆتایی دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ!

موقتەدا سەدر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی و رزگاری نیشتیمانی دەویست بەبێ ئەم نوێژە جەماعیە و بۆی نەچووەسەر، تەنانەت پەرلەمانتارەکانی کشاندەوە بە خاتری خەونەکەی، روانگەی توندی رەوتی سەدری ئێستا  سەرلەبەری دەستوور و پەرلەمان و حکومەتی کردووه‌تە ئامانج، عێراق پڕە لە پێكهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی و ئایینی و مەزهەبی و تائیفی، نوێژی بەکۆمەڵ و جووڵاندنی هەستی شەقام و نەستی ئایینی هەرگیز چارەسەر نییە و رایناگرێت. ئەوەی ئەم پێكهاتە موزائیكی و هەمەجۆرەی راگرتووە، دەستوورە و ئیدی وردە وردە بەیعەت و فەتواش شوێنی گرتووه‌تەوە و دەستوور و یاساکان کاریان پێ ناکرێت و لەبری ئەوە دارولخیلافەی مەزهەبیی ئەمڕۆ بەڕوونی دەرکەوت، ئایا ئیتر ریفۆرم و چاکسازی و دیموکراسی و دەنگدان و خەباتی پەرلەمانی لەو مەعبەدخانەو مزگەوتخانە گەورەیەدا چ سودێکی هەیە؟

نوێژەکە بەشێکی نمایش بوو، بۆ ئەوەی کە سەدر هێشتا بەپێوەیە، دیوەکەی دیكه‌ی بۆ ئەوە بوو، بە شێوە میللی و نا فەرمیەکەی گوتاری سەدری لە عێراق بە درێژکراوەی گوتاری ئایینی و مێژوویی و خەلافەتگەریی ئیمامی حوسەینی کوڕی عەلی هەژمار بکرێت و شەرعیەتی پێبدرێت، لە بری هەموو یاسا و نۆرم و بەهاکانی حوکمڕانی. لەلایەکی دیكەوە نوێژە سیاسییەکەی لایەنگرانی رێبەری رەوتی سەدر لە گەرمای 15ی تەممووزی 2022 چەند دەلالەتێکی قووڵیی سیاسی و سۆسیۆلۆژیی هەیە و دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:

* هیچکات عێراقێکی نوێ لەدایک نابێت لە دەرەوەی رێنماییەکانی حەوزەی موقتەدایی و ئەو نوێژە سیاسییانە و بە دیاریکراوی لەسەر دەستی ئەو تایپە دەسەڵاتگەرەی شیعەی عێراق، کە بە تەواوی دابەش بوون بەسەر کەمپەکانی عێراق و ئێراندا.

* ئەمڕۆ 15ی تەممووزی 2022 موقتەدا سەدر لە رێگه‌ی شەقام و هەستی ئایینییەوە سەلماندی سوکانی دۆخی عێراقی هێشتا بەدەستەوەیە و بەبێ ئیمامی مەهدیش دەتوانێت نوێژی گەورەی سیاسی بکات و شەرعیەت بدات بە کۆکردنەوەی ئەنسار و ئەتباع و ئەولاد و لایەنگرانی خۆی، دوور لە کامپی مەزهەبیی عەلی سیستانی.

*  تەواوی پرەنسیپە دەستووری و یاساییەکانی حوکمڕانی و مافەکانی دەنگدانی 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 خستە ژێر عەبا ئایدۆلۆژیی و ئایینییەکەی خۆی و نەیارەکانیشی دووچاری بێئومێدیی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرەی مالیکی و خه‌زعەلی.

* سەدر بەو دەخاڵە لاستیکی و دووبارە و سیناریۆ ئامێزەی بەدەستی دوو، پێشکەشی کرد، دووبارە عێراقی نوێی لەقاڵبدا، کە هێشتا لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و دیموکراسیەتە ساختەگیری خواردووە و پێیگوتین ئەستەمیشە وەدیهاتنی مافی ئەوانی دیكه‌ لەو فەوزا و پاشاگەردانییە بەتایبەتی بۆ گەلی کورد.

* سەدر لەو وتارەدا هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نەکردە مەرج، بەڵکو ویستی دووریان بخاتەوە لە کایەی سیاسی و بازرگانیی، بەڵام دەزانێ هێشتا لە دەرەوەی حەشد و سوپای نیزامی، سەدان سەربازگەی میلیشیایی خولگەی وەلائیەکان هەیە و مەترسین بۆ سەر پێگەکەی، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی کرد، لەکاتێکدا یەکەم سەرکردەی شیعیی لە دەرەوەی سوپای نیزامیی عێراق، کە سەربازگەی نایاسایی و میلیشیایی دامەزراند، موقتەدا سەدر خۆی بوو، کە سوپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام بوو، کە بە زیاتر لە 30 هەزار سەرباز هەژمار دەکرێن، وادیارە موقتەدا ترسێکی زۆری لە گرووپە چەکداری و سەربازییە نهێنیەکان هەیە، کە دەست و قاچی ببەستن و کۆتایی پێبهێنن، هەربۆیە بەشداری مەراسیمە ملیۆنیەکەی نەکرد و لە دوورەوە پەیامە سیاسیی و ئایینییەکەی گەیاند.

سەدر چی دەوێت؟

مەرجەعیەتی ئایینی بەهێز و حکومەتێکی لاواز، کە خۆی یاسای بۆ دەربکات و یاسادانەری بێت، یاساگەلێک خۆی دەریبچوێنێت لە نوێژی بەکۆمەڵ و لە دەرەوەی دەزگا دادوەریی و یاساییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و کاریشی پێبکرێت، تاشینی مەرجەعیەتی نوێی ئایینی لەبری سەید عەلی سیستانی، کە ویسترا بەهۆی ئامادەنەبوونی ئیمامی مەهدییەوە نوێژەکە نەکرێت و سووکی بکات لە شەقام و رای گشتی، کە رایانگەیاند نوێژ بەبێ ئیمام واجب نییە، بەوەش ڕوخساری ململانێ توند و شاراوە و رەسەنەکەی شیعە تەواو بەدەرکەوت.

دواجار کورد لەو عێراقە و لەسایەی ئەو خەلافەتە مەزهەبیەدا، لە چوارچێوەی تێز و بیرکردنەوەکانی مەرجەعیەتی سەدر و سیستانیدا ئیتر بارمتەیە و ئاسان نییە دەرچوون لەو تەون و دیدگا و گەمە مەزهەبیانە و نابێت بکرێتە قوربانیی حەوزە و مەرجەعیەتەکان و سروودی دیموکراسیی و مەوتینی بڵێتەوە.