کازمی: عێراق لە ماوەیەکی زۆر کورتدا قەیرانی ئابووری تێپەڕاندووە

"لە ناوچەکەدا عێراق لە نێو هیچ هاوپەیمانیەتییەك نییە"
محه‌مه‌د بن سه‌لمان،جێنشینی سعودیه‌ و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
محه‌مه‌د بن سه‌لمان،جێنشینی سعودیه‌ و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ناوچەکەدا عێراق لە نێو هیچ هاوپەیمانیەتییەك نییە. هەروەها لە لوتکەی سعودیەدا تاووتوێی چەند بابەتێك دەکەن، لە دیارترینیان لێکەوتەکانی کۆرۆنا و قەیرانی ئاسایشی خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا ده‌بێت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، بانکی جیهانی جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق لە ماوەیەکی زۆر کورتدا قەیرانی ئابووری تێپەڕاندووە.

گوتیشی، بەشداریکردنیان لە لوتکەی سعودیە بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، بە بەشداری میسر و ئوردن و ئەمه‌ریکا گرنگە، كه‌ تێیدا تاوتوێی ئالنگارییه‌كانی کۆرۆنا و قەیرانی خۆراک و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەن.

كازمی روونیکردەوە، لە لوتکەکەدا تیشک دەخەنە سەر دۆسیەی ئاو و گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، هەروەها هاوبەشیکردن لە بابەتی وزە و بەستنەوەی تۆڕی کارەبا، لەگەڵ هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنانی هاوبەش، کە ئەمانەش لە بەرژەوەندی عێراقییەکانە و پاڵپشتییەکی گەورەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە لە عێراق.

دوێنێ 15/7/2022، مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی جه‌دده‌، گەیشتە سعودیه‌ و لەلایەن محەمەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە پێشوازی لێکرا.