وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەم 199 ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان کراوە

"دەمانەوێت وەرچەرخانێک لە بواری راهێنان دروست بکەین"
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکاری گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەیانی کرد و رایگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە، گەورەترین وەزارەتی کەرتی مەدەنییە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 2 ملیۆن هاووڵاتیی لە خۆ دەگرێت، کە ئەوانیش بریتین لە قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەرانن لەناو وەزارەتی پەروەردە".

راشیگەیاند: "لەبارەی یاسای چاکسازی سێ خاڵی گرنگ پەیوەندیدار بووە بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکەمیان نەهێشتنی سوودمەندبوون بۆ زیاتر لە جارێک لە مووچە و لە دەرماڵەکان.  خاڵی دووەمیش بریتیی بووە لەوەی کە رێکخستنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان، کە ئەویش برییتییە لە کوڕ و کچ و هاوسەری شەهید. خاڵێکی دیکە بریتی بووە لە پێداچوونەوە بە میلاکی فەرمانبەران و دۆسییەکانیان، کە زیاتر لە 162 هەزار و 613 پێداچوونەوەی پێدا کراوە و هەزار و 111 حاڵەت تۆمار کراوە کە بەدەر لە یاسا پلەیان پێدراوە.  لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەی سیاسەتەکانی تایبەت بە فێرکردنی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتمان بۆ یەکەمجار بە هاوکاری رێکخراوی (بریتش کاونسسڵ) دەرکردووە".

وەزیری پەروەردە، گوتی: "وەکو لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، توانیومانە تائێستا زیاتر 35 ناونیشانی کتێب پێداچوونەوەی  بۆ بکەین، لە رووی زانستی و لە رووی هەموار کردنەوە و تەنانەت دانانی کتێبی نوێش. لە خاڵێکی دیکەشدا توانیومانە زیاتر لە هەزار و 436 مامۆستای خۆمان مۆڵەتی خوێندنیان پێ بدەین، بۆ تەواو کردنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری دەبێت لەسەر کوالیتی پرۆسەی خوێندن. هەروەها توانیومانە گەورەترین پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ راییکردنی مامەڵەکانی خۆمان دابنێین کە پلاتفۆڕمی E – parwarda یە کە سیستەمێکە پێکهاتووە لە 6 بەش، تەواوی داتای مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران و هەموو مومتەلەکاتی قوتابخانەکانمان کردووە بە دیجیتاڵی و کۆی پرۆسەی قوتابخانەکان، ئێستا بە سیستەمێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێت".

گوتیشی: " گەورەترین پلاتفۆڕم کە تێیدا داتای 2 ملیۆن مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەری تێدا تۆمار کراوە کە دەکاتە 33% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئێستا وەزارەتی پەروەردە خاوەندارێتی دەکات، بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی.  توانیومانە خوێندن بۆ کوردانی تاراوگە بەردەست بکەین، بۆ منداڵەکانیان کە تاوەکو ئێستا لە ٨ی ئادارەوە، 103 قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بە بەردەوامی وانەی زمانی کوردی دەخوێنن، کە مەبەستمانە زمانی کوردی فێری ئەو منداڵانە بکەین کە لە تاراوگە لە دایکبوون".

ئالان حەمەسەعید، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە رووی قوتابخانەکانی چاکسازی و پشتگیری کردنی وەزارەتی کاروکارووباری کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە 39 مامۆستامان دابین کردووە، بۆ ئەوەی لە زیندانەکان یان ئەوانەی پێیان دەوترێت چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت. ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە ساڵی یەکەم 3 هەزار و 299 هەلی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو لە رێگەی دەرچوواندنی رێنمایی پشت بەست بە یاساوە دەربکەین و توانیومانە لە ساڵی 2020 – 2021دا،  پێنج هەزار و  802 دەرچووی دیکە دابمەزرێنین و لە ساڵی 2021- 2022، توانیومانە 438 دانەمەزراوی دیکە دابمەزرێنین کە کۆی گشتی دەکاتە 9 هەزار و 539 هەلی کارمان تائێستا رەخساندووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "قوتابخانەکانی پەنابەران، ئێمە  دوای ئەوەی کە رێکخراوەکان پشتگیری ماددی پێدانی مووچەی مامۆستاکانیان نەکردووە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە شایستەی دارایی بۆ ئەو مامۆستایانە دابین بکەین. توانیومانە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، 13 هەزار منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن. ئێمە ئێستا ستراتیژی راهێنانی مامۆستایانمان تەواو کردووە لە وەزارەتی پەروەردە، کە دەمانەوێت وەرچەرخانێک لە بواری راهێنان دروست بکەین. لە بواری دروستکردنی باڵەخانەکانی پەروەردەیی چ بۆ قوتابخانەکان و چ بۆ باخچەکان، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 46 ملیار و 526 ملیۆنی تەرخان کردوە، بۆ تەواو کردنی چەندین قوتابخانەی نوێ لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان. بەهاوکاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیومانە لەم کابینەیەدا 635 قوتابخانە و باخچەی منداڵان و پەیمانگە نۆژەن کردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەین، چ بە شێوازی تەواوەتی بێت یان بەشێکی بێت".

لە بەشێکی گوتەکانیدا وەزیری پەروەردە رایگەیاند: "لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێم تائێستا قبوڵ نەکرا بوو کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان بکات، بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە نەخشەی پەروەردەیی جیهانی بزانێت، ئێمە ئەو مافەمان بەدەست هێنا کە بتوانین دوو پێشکەوتووترین و دیارترین تاقیکردنەوە لە ساڵانی ئایندەدا ئەنجام بدەین کە ئەویش تاقیکردنەوەکانی (پیسا و تیمز)ە، کە ئەم بابەتە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە و دەتوانێت راکینگێک بۆ سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابنێت و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی راپۆرتی شیکاری لەلایەن دامەزراوە پەروەردەییەکانی جیهانەوە بۆ ئێمە دیاری بکات و کاری لەسەر بکەین. ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوی کە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بکرێت، لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە لە جیهاندا بەشداری ئەو تاقیکردنەوانە دەکەن و لەناو سیستەمی راکینگی پەروەردەی خۆیانن.  جگە لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی دابینکردووە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، تەنیا لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانراوە 199 ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان بکرێت".