وەزارەتی بەرگری رووسیا: لە دوو رۆژدا 600 سەربازی ئۆکرانی کوژراون

"رووسیا لیوایەکی سوپای ئۆکرانیا لەناودەبات"
سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

K24 - هەولێر:

هێزەکانی رووسیا گورزێکی قورس لە سوپای ئۆکرانیا دەدەن و لەماوەی 48 کاتژمێردا نزیکەی 600 سەرباز لە لیوای 115ـی سوپای ئۆکرانی دەکوژن.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی ئاسمانیدا، هێزەکانیان لە هەرێمی دۆنباس لیوای 115ـی سوپای ئۆکرانییان لەناوبردووە، بەجۆرێك لە دوو رۆژدا نزیکەی 600 سەربازیان کووشتووە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزەکانی "کۆماری گەلی لوگانسک" ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 54 کەس و پێنج زرێپۆش و پێنج بارهەڵگری سەربازییان لەدەستداوە.

هەروەها ئەمڕۆ شەممە 16ـی تەمووزی 2022، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی رووسیا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستییان لە شاری دنیپرۆی ئۆکرانیا خاپوور کردووە.