سێ ساڵ بەسەر یەکەم سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا تێپەڕی

بەغدا تاکو ئێستا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

سێ ساڵ بەسەر یەکەم سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دوای تەنیا شەش رۆژ لە دەستبەکاربوونی تێپەڕی.

لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

بەغدا تاکو ئێستا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە و پرسی نەوت و گازیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و پەرلەمان ئامادە نییە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسند بکات.

هەرچەندە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تەنیا 6 رۆژ لەدوای پێکهێنانی کابینەی نوێ وەکو نیازپاکی سەردانی بەغدای کرد و ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی عێراق لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەندییان بە ماددەی 140، مافەکانی پێشمەرگە و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان هەیە.

ساڵی 2019 کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی هه‌ولێر - به‌غدا، هاوبه‌شی بوونیادنەرانە، سه‌قامگیر، پێدانی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، دابه‌شكردنی سامانی نه‌وت و گاز پێکهێندرا.

ئامانجی کابینەی نۆیەم ئەوەبوو لاپەڕەیەکی سپی لەگەڵ بەغدا هەڵداتەوە و کار بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان بکات، هەربۆیەش لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەدا کابینەکەی دەیەوێت هه‌ماهه‌نگی سیاسی لەگەڵ بەغدا هەبێت و هاوبەشێکی راستەقینەش بێت، هەروەها مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکدا بکەن، کە ته‌وافوق و هاوسه‌نگی بنەمای کارەکانی بێت.

ئەو کات دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادەییان دەربڕی، بەڵام دوای سێ ساڵ لە تێپەڕبوونی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت، تاکو ئێستا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە و ئەو 200 ملیار دینارەی بڕیاریشبوو حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی رەوانە بکات، تەنیا چەند مانگێک رەوانە کراوە.

پرسی گاز و نەوت بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و پەرلەمان ئامادە نییە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسند بکات، سەرباری ئەوەش دادگای فیدراڵی بەمەبەستی سیاسی بڕیاری لە دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

ماددەی 140ی دەستوور یەکێکە لەو ماددانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەردانەکەیدا جەختی لەسەر کردەوە، کە بەگوێرەی دەستوور دەبێت بارودۆخی ناوچەکە ئاسایی بکرێتەوە، سەرژمێری و دواتریش راپرسی لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، کەچی ماددەکە نەوەک جێبەجێنەکراوە بەڵکو حکومەتی عێراق بە پێچەوانەوە  ئامادەنییە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داعش هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بکات.

هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق، کەچی مافە داراییەکانیان نادرێت و بەشێک نین لەو گرێبەستانەی حکومەت بۆ پڕچەککردنی سوپا لەگەڵ وڵاتان ئەنجامیدەدات.

بەگوتەی چاودێرانی سیاسی پابەندنەبوونی عێراق بە بنەماکانی دەستوور بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھێشتا عەقڵیەتی حوكمڕانی و تێڕوانین بۆ كورد لە عێراق ھەر عەقڵیەتی پێشترە و ئامادەنین قبووڵی کورد وەکو هاوبەشێکی راستەقینە لە عێراق و حکومڕانییەتییەکەیدا بکەن.

ئاراسته‌كردنی به‌غدا له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه‌، هۆكاریكی دیكه‌یه‌ كه‌وا ده‌كات عێراق له‌ بڕیاردان سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت.