گیبسن دەن: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایین

"بەغدا دەیان ملیار دۆلار زیانی پێدەگات"
کۆمپانیای "گیبسن دەن"
کۆمپانیای "گیبسن دەن"

K24 - هەولێر:

گەورە کۆمپانیایەکی یاسایی ئەمەریکا رایدەگەێنێت، بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی عێراق لەبارەی گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستانەوە نایاسایین، ئەگەر کۆمپانیاکان سکاڵا لەسەر عێراق تۆمار بکەن، بەغدا دەیان ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.

کۆمپانیای "گیبسن دەن"ـی ئەمەریکی، کۆمپانیایەکی یاساییە و زیاتر لە سەدەیەك ئەزموونی کاری یاسایی هەیە، سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێت: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نایاسایین و زیان بە عێراق دەگەیەنێت." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە گرێبەستی یاسایی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان واژوو کراوە.

گیپسن دەن ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەگەر ئەو کۆمپانیا بیانیانەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی دەیانگرێتەوە، لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر عێراق تۆمار بکەن، دەتوانن سکاڵاکە ببنەوە و بە ملیارەها دۆلار زیان بە ئابووری عێراق بگەیەنن".

کۆمپانیا ئەمەریکیەکە ئەوەی خستەڕوو، "چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان لە دادگای ناوبیژوانی نێودەوڵەتی لەندەن سکاڵا لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار بکەن".

پاساوی کۆمپانیای گیبسن دەن ئەوەیە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووری و یاساییە لە عێراق.

- مافی هەرێم لە دەرکردنی یاساکان

د.موحەممەد شەریف، شارەزای فیقهی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەستوور مافی داوە بە هەرێمی کوردستان، تا یاسای تایبەت بەخۆی دەربکات، لەمەش زیاتر مافی پێدراوە دەستوورێکی تایبەت بەخۆی هەبێت".

عەبدولستار رەمەزان، دادوەر و داواکاری گشتی سەبارەت بە هەمان بابەت گوتی: "مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەرکردنی ئەم یاسایە، مامەڵەیەکە پشت بە ماددەی 117ـی دەستوور دەبەستێت، بەپێی ئەوەی دەستوور هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی پەسند کردووە".

دڵشاد نامیق، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا: "دەستووری عێراقی مافی داوە بە هەرێمی کوردستان و ئەو هەرێمانەی دواتر دروست دەبن، یاسای تایبەت بەخۆیان هەبێت".

ناوبراو  گوتیشی: "ئەنجومەنەکانی یاسادانانی ئەم هەرێمانە بۆیان هەیە یاسا دەربکەن بۆ رێکخستنی بواری ئابووری، سەربازی و ناوخۆیی خۆیان، لە میانەی ئەمەدا یاسای نەوت و غاز بەشێکە لەم یاسایەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و شەرعیەتێکی دەستووری هەیە".

- بڕیاری دادگای باڵای عێراق

دوای 10 ساڵ دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق، لە مانگی شوباتی 2022 دۆسیەیەکی کۆنی حکومەتی عێراقی زیندووکردەوە، کە ساڵی 2012 لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پێشووتر، دەربارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ تۆماری کردبوو، دادگا دژ بە هەرێمی کوردستان دۆسیەکەی یەکلاکردەوە و بڕیاریدا بەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی ژێر خاکەکەی نەبێت.