رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار دەکرێت

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە
پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بە مەبەستی دیارکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە سبەی 18/7/2022، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ دیارکردنی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببنەوە. سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کردووە سبەی کاتژمێر 11ی سەر لەبەیانی ئامادەی کۆبوونەوەبن.

پێشتریش محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی کۆتایی هاتنی پشووی یاسایی چارەکی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران و پشووی جەژنی قوربان و دەستپێکی خولی نوێی یاسایی، رایگەیاندبوو: " هیوادارم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، رێکاری پێویست بگرینەبەر، بەپێی یاسا و دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن لە دیارکردنی رۆژی هەڵبژاردن و تەواوکردنی رێکارەکانی دەستووری بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".

ئەمە لە کاتێکدایە پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی کوردە، بەڵام لەناوخۆدا هێشتا کورد لەسەر دیارکردنی یەک کاندید رێکنەکەوتوون، پارتی و یەکێتی کاندیدی جیاوازیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "پۆستەکان ئیستحقاقی هەڵبژاردنن، پارتیش لە کوردستان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەسهێناوە و پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت و سوورین لەسەر کاندیدی خۆمان، بەڵام ئەگەر رێککەوتن بکرێت و کورد بە یەک کاندید بچێتە بەغدا، باشترە".

لەوبارەوە رابیحە حەمەد گەورە، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی گوتی: "تائیستا بۆ گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبوونەوەیەکی وا نەکراوە، ئومێد دەکەم لە داهاتوودا بکرێت، بەڵام تائێستا هەردوولا کاندیدی خۆیان هەیە و رێكکەوتن نەکراوە، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە و بە دوو کاندیدی جیا دەچنە ناو پەرلەمانی عێراق".

بە بڕوای ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، چانسی کاندیدەکەی ئەوان زیاترە، وەکخۆی گوتی: "زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکن لەسەر ئەوەی دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بدەن".