ڤیان سەبری: هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار نەکراوە

یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت: تائێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار نەکراوە و یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای کۆتایی هاتنی پشووی یاسایی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێدەکاتەوە، چەند پرسێکی گرنگ هەن بۆ گفتوگۆ لەسەرکردن، وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پڕکردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان".

سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، گوتی: "ئێستا لایەنەکان شاندیان هەیە بۆ دانووستان، بێگومان گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت، کەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت".

گوتیشی: "یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، بێگومان ئێمەش کارتی خۆمان هەیە، وەکو پارتی ئەزموونی 2018 دووبارە ناکەینەوە".

ڤیان سەبری، ئاماژەی بەوەشکرد: "لایەنی شیعی حەز دەکات گرفت لەناو ماڵی کورددا هەبێت، لە بنەڕەتدا ئەوان کێشەیان هەیە، پێویستە ناوماڵی شیعە دیار بکات، کێ دەبێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و بەرنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو چی دەبێت؟".

جەختیکردەوە: "کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێبەر ئەحمەدە و یەکێتیش سێ چوار کاندیدی هەیە، تائێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار نەکراوە، چونکە ئەو بابەتانە هەستیارن".