زەلیلکردنی رووسیا یان زەلیلکردنی ئەوروپا!

Kurd24

هه‌میشه‌ دوو لایه‌نی هه‌ر شه‌ڕێك یان قه‌یرانێكی نێوده‌وڵه‌تی، زۆرترین كاریگه‌ری و گه‌وره‌ترین زیانلێكه‌ر و زۆرترین كاریگه‌ریان له‌سه‌ر رێڕه‌وی ئه‌م قه‌یرانه‌ یان ئه‌و جه‌نگه‌ و لێكه‌وته‌ و ده‌ره‌نجامه‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیه‌كانی دەبێت، بەڵام رەنگە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا لێکدانەوەیەکی جیاواز لەوە بدات، کە ئێمە لە حیساباتی قازانج و زیان لە شەڕ و قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا راهاتووین.

زیاتر لە چوار مانگ دوای سەرهەڵدانی ئەم شەڕە، کە گۆڕا بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتی، پێدەچێت زیانەکانی لایەنە راستەوخۆکانی، واتە رووسیا و ئۆکرانیا، کەمتر بێت، بەڵام زیانی لایەنەکانی دیکەی راستەوخۆ بەشدارنین لەم شەڕەدا، باجێکی قورس دەدەن، کە زۆر زیاترە لەوەی دوو لایەنی قەیرانەکە دەیدەن.

هەرچەندە دەتوانرێت زیانەکانی هەردوو لایەنی قەیرانەکە لە ناوخۆدا پاساو بدرێن و بخرێنە بازاڕەوە، ئۆکرانیا دەتوانێت پاساو بۆ زیانەکانی وەک شەڕێك بەسەریدا سەپێنراوە، کە کات و شوێنی خۆی هەڵنەبژاردووە و شەڕی لەگەڵ دەکات بۆ ئەوەی یەکپارچەیی خاکەکەی و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزێت، ئەمانە پاساون تا سەرۆکەکەی هەمیشە پێشکەش بە گەلەکەی بکات، هەرچەندە هۆکارێکی سەرەکی قەیرانەکەیە.

رووسیا دەتوانێت پاساو بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی لە ئۆکرانیا وەک پێویستییەك بۆ ئاسایشی نیشتمانی خۆی لە ئەنجامی پراکتیزەکردنی شەڕانگێزانە و بێ دیسپلین لە دراوسێکەیەوە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دەکات و دوژمنە مێژووییەکانی لە سنوورەکانی نزیک دەکاتەوە، یان ئەوەی کە بە شێوەیەکی چالاکانە ئەگەری دەستدرێژییەکی بەرپەرچداوەتەوە. هەردوو لایەن تا رادەیەکی زۆر لەم کارەدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام سەرکردەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا کە ئابوورییەکانیان زیاتر زیانیان بەرکەوت لە زیانەکانی ئابووری رووسیا و ئۆکرانیا، لەبەردەم گەلەکەیاندا شکستیان هێناوە لە پاساوهێنانەوە بۆ ئەو زیانانەی تووشی بوون، لە ئەنجامی رەهنکردنی تواناکانی وڵاتان و گەلەکانیان بە بڕیاری ئەمەریکی بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بە لایەنی رووسیا و دەستپێکردنی شەڕێکی بازرگانی گشتگیر لەسەری، وەک چۆن سەرکردەیەکی ئەوروپی قەناعەت بە گەلەکەی دەکات لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی غازی سرووشتی بۆ ئاستێکی بێ وێنە، کە تێکڕای 45% بووە تا کۆتایی مانگی ئازاری رابردوو، یان سەختی گەشت و هاتووچۆ، یان سەختی بەدەستهێنانی خۆراک، دەرئەنجامی پاڵپشتیی وڵاتەکەیەتی بۆ لایەنێکی جەنگ کە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاسایشی کەسی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە نییە، کەواتە بۆ دەبێت لە گیرفانی خۆیەوە پارەی بدات؟

نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەم شەڕە دەتوانێت کاردانەوەی وجودی لەسەر مانەوەی خودی یەکێتی ئەوروپا هەبێت، نەك تەنیا لەسەر خۆشگوزەرانی گەلانی وڵاتەکانی، هەرچەندە خەمڵاندنەکان جیاوازن لەسەر رادەی کاریگەری سزا بەرفراوانەکانی رۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ لەسەر ئابووری 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا، پێدەچێت تەنانەت لە نزمترین ئاستەکانیاندا قورس بن. بەپێی خەمڵاندنەکانی خزمەتگوزاری ئاماری ئەوروپا، گەشەی ئابووری ئەوروپا لەمساڵدا لە نێوان 0.5% بۆ 1%ی بەرهەمی ناوخۆیی تووشی زیان دەبێت، واتە لە نێوان 895 بۆ 1.79 ترلیۆن دۆلارە.

لە راپۆرتێکی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی ئەوروپادا، قەیرانی ئۆکرانیا گەشەی ئابووری ئەوروپا بە ڕێژەی 0.7% بۆ 3.7% کەمدەکاتەوە لەمساڵدا، هەروەها دامەزراوەی دارایی گەورەی جیهانیی (Goldman Sachs) ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جەنگە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی گەشەی ئابووری ناوچەی یۆرۆ بە رێژەی 1.4%.

ئەمە جگە لە تێچووی ناڕاستەوخۆ، وەك تێچووی ئاسایش و بەرگری لە یەکێتی ئەوروپا، کە بە واتای زیادکردنی دارایی لە رێگەی قەرزەوە دێت، ئەڵمانیا بۆ نموونە بەنیازە سوپاکانی بە نزیکەی ترلیۆنێک دۆلار نوێكاری بکات و وڵاتانی دیکەش پلانی زیادکردنی گەورەیان لە بودجەی بەرگریدا داناوە بەهۆی ئەگەرەكانی هەڕەشەی رووسیا. ئەمەش جگە لە تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا، کە تا ئێستا بە نزیکەی 600 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەم تێچووەش بە دڵنیاییەوە دەکەوێتە سەر وڵاتانی ئەوروپا، باسی تێچووی جێگیرکردنی پەنابەرانی ئۆکرانیا لە وڵاتانی ئەوروپا ناکەم، هەروەها یارمەتییەکان کە ئەوروپا دەیدات بە هاووڵاتیانی کەم داهات و هەژارەکانی بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەرزی نرخی وزە ببێتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکان، بە تایبەتی لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا، (فرانک واڵتەر شتاینمایەر) سەرۆکی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی گەورەترین ئابووری هەیە لە ئەوروپا، لە ئەنجامی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رووبەڕووی قۆناغی "سەختتر" دەبێتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە سزاکان بە ناچاری رووبەڕووی دەبنەوە دەبنە هۆی نائارامی و زیان. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ ئه‌ڵمانیا رووبه‌ڕووی رۆژانی سه‌ختتر ده‌بینه‌وه‌، ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌یان بگرین، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆت و به‌ندكردنێك هەبێت، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پێویست ده‌بێت. بە داننان بەوەی ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێنراون تەنیا کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیا رووسیەکان نابێت، بەڵکو تەنانەت کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش دەگرێتەوە.

رەنگە دواجار (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی فەرەنسا دەستی کردبێت بە درککردن بە مەترسی پشتبەستن بە خواستی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتە مێژووییەکانی لەگەڵ دوژمنە تەقلیدییەکەی رووسیا، کاتێک لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، کە بۆ "کۆتاییهێنان بەو شەڕەی سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا ئەنجامیداوە، گوتی دەبێت ئاشتی بنیات بنێت بەبێ ئەوەی رووسیا زەلیل بکات" رەنگە لەبەرئەوەی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتبێتە ئەوەی کە خواستی ئەمەریکا بۆ زەلیلکردنی رووسیا تەنیا بە زەلیلکردنی ئەوروپا دەبێت، ئەویش سەرەتا بە تێکشکاندنی ئابووریەکانی و دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری سیاسی و چیتر ئەوروپا بەهێز نابێت.