عێراق دەبێتە چوارەم هەناردەکاری نەوتی ئەمه‌ریکا

هه‌نارده‌ی نەوتی لە عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا گەیشتووەتە 302 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە
كێڵگەی نەوتی - فۆتۆ: AFP
كێڵگەی نەوتی - فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی وزەی ئەمه‌ریکا هاوردەی نەوتی وڵاتەکەی بۆ هەفتەی رابردوو بڵاوکردەوە، كه‌ عێراق چوارەم هەناردەکاری نەوت بووە بە هەناردەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

لە داتاکاندا هاتووە، بە درێژایی هەفتەی رابردوو ئەمه‌ریکا 5 ملیۆن و 957 هەزار بەرمیل نەوتی لە هەشت وڵات هاوردەکردووە، بەراورد بەهەفتەی پێشووتر 55 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، هاوردەی نەوتیان لە عێراق گەیشتووەتە 302 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کەمی کردووە، کە 362 هەزار بەرمیل نەوتیان هاوردەکردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا عێراق لە پلەی چوارەمی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمه‌ریکا بووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین بڕی نەوت لە کەنەدا بە بڕی 3 ملیۆن و 827 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هاوردەکراوە، سعودیە و مەکسیک بە بڕی جیاواز لە پلەی دووەم سێیەمدان.