چوار ملیۆن دۆلار نرخی کاتژمێرە زێڕەکەی هیتلەرە

"لە رۆژی لەدایکبوونی ئەدۆڵف هیتلەردا پێشکەشیکراوە"
کاتژمێرەکەی هیتلەر
کاتژمێرەکەی هیتلەر

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای "ئەلیکساندەر"ـی ئەمەریکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە ویلایەتی ماریلاند، کاتژمێرێکی دەستی ئەدۆڵف هیتلەر، دەخاتە زیادکردنێکی ئاشکراوە و نرخەکەی بە نزیکەیی بە 4 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

پسپۆڕانی شوێنەوارە مێژووییەکان لەو باوەڕەدان، کاتژمێرە ئاڵتوونییەکە لە 20ـی نیسانی 1933 لە رۆژی لەدایکبوونی ئەدۆڵف هیتلەردا پێشکەشیکرا بێت.

کاتژمێرەکە بۆ یەکەمجار لە رێکەوتی 4ـی ئایاری 1945، لەلایەن سەربازێکی فەرەنسییەوە دۆزراوەتەوە، کاتێک یەکەکەی وەک یەکەم هێزی هاوپەیمانان گەیشتە شوێنی پاشەکشەی هیتلەر لە بێرختێسگادن لە شاخەکانی باڤاریا  لە ئەڵمانیا.

کۆمپانیاکە سەبارەت بەو کاتژمێرە مێژووییە رایگەیاند، کاتژمێرەکە لەلایەن کۆمپانیای Jaeger-LeCoultre دروست کراوە، بڕیارە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا کە لە 28ـی تەمووز دەستپێدەکات، بفرۆشرێت.

ئەدۆڵف ھیتلەر(1889 - 1945)، پێشەوای پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی ئەڵمانیا ناسراو بە (ئاڵمانیای نازی) و رابەری ئەڵمانیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری پارتی نازی لە ساڵانی 1933 تا 1945 بووە.

نازی بزووتنەوەیەکی فاشی بوو کە دەستی بەسەر ھەموو ئازادییەکی تاکدا گرتبوو بەڵام رێگەی بە خاوەندارێتی تایبەتی دابوو.