شازادەی جێنشینی سعودیە: ناتوانین بەرهەمهێنانی رۆژانە لە 13 ملیۆن بەرمیل زیاتر بکەین
K24 - ههولێر:
محەمەد بن سەلمان شازادی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، بنیاتنانی سیاسەتی ناواقیعی بۆ سەرچاوەکانی وزە، رێژەی هەڵاوسان لە ساڵانی داهاتوو بەرزدەکاتەوە.
جەختیشی لهوه کردەوە، گرنگە لە دوو دەیەی داهاتوودا، وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا بکرێت. ئاماژەی بەوەش داوە، ناتوانن رۆژانە لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم بهێنن.
لە نووسراوێکدا دوای لوتکەی جەددە، محەمەد بن سەلمان جەختی لە گەشەی ئابووری جیهان کردووەتەوە، کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەکارهێنانی سەرجەم سەچاوە بەردەستەکانی وزە لە سەرتاسەری جیهان هەیە، بە وزە هایدرۆکاربۆنییەکانیشەوە.
سەرەڕای ئەوەی جیهان ئێستا هەوڵدەدا دەردانی گازە هادرۆکاربۆنییەکان تاوەکو 2050 بۆ سفر دابەزێنێت. محەمەد بن سەلمان دەڵێت، لە سۆنگەی پەرۆشیان بۆ پێویستییەکانی وڵاتان و بەدیهێنانی دیدگای سعودیە، ناتوانن لە رۆژانە لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم بهێنن.