نووری مالیکی تەنیا ماوەتەوە

هەڵوێستە ناوخۆی و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، گوزارشت لە تەنیا مانەوەی نووری مالیکی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەکەن
نووری مالیکی
نووری مالیکی

K24 –

ئەوەی ئێستا بە روونی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەدی دەکرێ، پەرتەوازەیی ناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و بەتەنیامانەوەی نووری مالیکییە. زۆربەی لایەنە شیعەکان پشتی مالیکیان چۆل کردووە، بەڵام دیسانیش ئەو سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێ پرسی پێکهێنانی حکوومەت یەکلا بکاتەوە و هەر بۆیەش لەو هەفتەیدا بڕیارە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ ببێتەوە.

وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە. سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەکەی رادەسپێرێت.

هەڵبەت، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێی وایە ناکۆکییەکان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان یەکلا نابێتەوە.

پرۆوسەی پێکهێنانی حکومەت لە دوو پەرەگرافدا باس کرا، بەڵام زیاتر لە هەشت مانگە عێراق لە قەیرانێکی قووڵ دایە. کشانەوەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و قسەکانی رۆژی هەینیی رابردووی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، داهاتووی سیاسی عێراقی ئەوەندی دیکە ناڕوونتر کردووە.

 

کێشەکانی ناو چوارچێوەی هەماهانگی

دوایین زەبر کە بەر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کەوت، هەڵوێستی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بوو.  عامری، کە وەک دووەم هێزی ناو چوارچێوەکە دەناسرێ، رایگەیاند بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقدا ناکات.

پێشتر نووری مالیکی و هادی عامری، دوو ناو بوون کە لە ناو ماڵی شیعە و میدیا عێراقییەکاندا وەک بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، قسەیان لەسەر دەکرا.

هادی عامری رۆژی ٧ی تەمووز، دووپاتی کردەوە، "خۆم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید ناکەم".

دوابەدوای ئەو هەڵوێستەی عامری، هەر یەک لە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، هەڵوێستیان بەرامبەر بە هاوکاری لەگەڵ نووری مالیکی و حکومەتی داهاتوو گۆڕدرا.

کۆبوونەوەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە... وێنەی ئەرشیڤی
کۆبوونەوەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە... وێنەی ئەرشیڤی

حەیدەر عەبادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توییتر، نووسیبووی، بەشداری لە حکومەتێک ناکات کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نەبێت.

هەر ئەمڕۆش (یەکشەممە ١٧ی تەمووز)، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە کاتی سەردانیدا بۆ پارێزگای بابل، دووپاتی کردووەتەوە کە بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا ناکەن.

کەسانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، باس لە "قووڵبوونی" کێشەکان لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا دەکەن. تەنانەت کێشەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی، مالیکی هۆشداری پێداون کە نابێ هەواڵی بوونی ئەو ناکۆکییانە بۆ دەرەوە دزە بکات.

حوسین کینانی کادیری پێشکەوتووی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی ئەو رەوتەی شیعەکان، ئاشکرایکرد، ناکۆکییەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی "قووڵتر" بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دوای چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا و نهێنی، بە هیچ ئەنجامێک نەگەن.

کینانی، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگه‌یاند، نووری مالیکی راشکاوانە بە حزبەکانی ناو چوارچێوەی گوتووە، نابێ ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە دزە بکات و بەمیدیایی بکرێ.

 

"عێراق هی سەدرییەکانە"

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە وتاری نوێژی هەینی یەکگرتوو، نووری مالیکی دڵنیاکردەوە کە نابێ جارێکی دیکە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکاتەوە.

سەرووی ملیۆنێک کەس بەشداریان لە نوێژی هەینی لە بەغدا کرد و وەک حاکم زاملی یەک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر گوتی، "ئەمە پەیامێکی خۆشە بۆ هاوڕێ و هاوبیرەکانمان و وەڵامێکی جیدیشە بۆ نەیارانمان".

بەشداریی بەشێک لە سوننەکان لەو نوێژەدا، جەختی زیاتری لەسەر ئەو پەیامە کردەوە کە "بەبێ سەدر و رەزامەندی ئەو، حکومەتی داهاتوو پێکنایەت".

وێنەی موقتەد سەدر لە نوێژی هەینیی یەکگرتوو لە بەغدا
وێنەی موقتەد سەدر لە نوێژی هەینیی یەکگرتوو لە بەغدا

شێخ مەحموود جەیاشی، پەیامی موقتەدا سەدری لە نوێژی هەینیدا خوێندەوە. پەیامەکە چەند مەرجێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق لەخۆ گرتبوو.

یەکەم مەرج ئەوە بوو، "نابی کەسانی تاقیکراو، حکومەتی نوێی عێراق پێکبێنن". دۆخەی عێراق بە شێوەیەکی لێهاتووە کە ئێستا هاووڵاتییەکی ئاساییش دەزانێ رووی ئەو پەیامەی سەدر، لە نووری مالیکی بوو.

دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە دەستێوەردانی دەرەکی، سیاسەت و بازرگانی و رێکخستنەوەی ئەو هێزە و دوورخستنەوەیان لە ناوچە سوننەنشینەکان، لە مەرجە سەرکییەکانی دیکەی سەدر بوو.

هاوکات ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە، لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە نوێژی یەکگرتوو، رایگەیاندووە "لە نوێژی هەینیدا نەفرەتمان لە پاشکۆیی کرد و ئامادەیی خۆمان پێشاندا بۆ قوربانیدان دژی داگیرکاری. دەبێ بۆ هەمووانی بسەلمێنین، کە عێراق هیی سەدرییەکانە".

ئەو پەیامەش روو لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێرانە. زۆربەی عێراقییەکان، پێیان وایە وڵاتکەیان بووەتە بەشێک لە ئێران و سیاسەت حکومەتەکەشیان، پاشکوی سیاسەتی تارانە.

 

داواکاریی ناوچەیی

ئەگەر "پاشکۆبوونی" عێراق بەلای خەڵکی ئاساییەوە زانراو بێ، ئەوە بێگومان بەلای سیاسەتمەداران و وڵاتانی ناوچەییەوە پرسێکی روونە.

هەر لەو سۆنگەشەوە لە کۆوبوونەوەی لوتکەی ئەنجوومەنی وڵاتانی هاریکاری کەنداو کە رۆژی هەینی رابردوو لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو، داوا لە ئێران کرا، کۆتایی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ بێنێ و پشتگیری لە گرووپە چەکدارەکان نەکات.

کۆوبوونەوەی لوتکەی ئەنجوومەنی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بە بەشداریی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا
کۆوبوونەوەی لوتکەی ئەنجوومەنی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بە بەشداریی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا

دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، کارێکی شاراوە نییە و تەنانەت چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەوڵیانداوە لایەنە شیعییەکانی عێراق لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە. ئێران لەو هەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوو و موقتەدا سەدر بەردەوام دووپاتی لە پێکهێنانی حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" دەکردەوە.

عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەر بۆیەش عێراقییەکان ناتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ، حکومەتی داهاتوو پێک بێنن و بێگومان کاریگەری وڵاتانی دیکەی بە سەرەوە دەبێ.

ساڵانی رابردووە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە، بەهێز بوو، بەڵام گۆڕانکارییە ناوچەییە و نێودەوڵەتییەکان، ئێستا ئەو هەژموونەیان کەم کردووەتەوە. ئێران دەبێ ملکەچی هەندێ خواستی نێودەوڵەتی بێ و دەست بە "دان و ستان" بکات، لەو نێوەشدا رەنگە زیاتر لە هەموو کاتێک، پشتی نووری مالیکی چۆل بکرێت.