ئێران هەڕەشە دەکات؛ توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیمان هەیە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: تەنیا هێز دەتوانێت تاران لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی بوەستێنێت

K24 –

دوو بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتی دەکەنەوە کە ئەگەر بیانەوێ، توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیان هەیە و ئەگەر نیازی واشیان هەبێ، کەس ناتوانێ پێشیان لێبگرێ.

کەمال خەرازی راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەلی لاریجانی لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەت دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە نوێترین لێدوانیاندا نایشارنەوە کە "ئێران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە".

عەلی لاریجانی کە پێشتر بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران بووە، بە کەناڵی دووی وڵاتەکەی راگەیاندووە: رێبەری ئێران فتوای داوە بۆ ئەوەی بەدوای بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆمی نەبین، هەڵبەت ئەگەر بمانەێ ئەو کارە بکەین، کەس تانوانێ پێشمان لێبگرێ، خۆشیان ئەوە دەزانن".

لاریجانی هەروەها گوتوویەتی: پێموایە ئەو سستییەی لە دانوستانەکانی بەرجام هاتووەتەپێش، بەخێرایی چارە دەکرێن.

پێشتریش محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئەگەری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی رەتنەکردبووەوە، بەڵام رایگەیاندبوو کە "ئەو کارە پەیوەستە بە بۆچوونی بەرپرسانی پێوەندیدار".

هاوکات عەلی خەرازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، بە تەلەفزیۆنی جەزیرەی گوتووە کە "ئێران توانای تەکنیکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام نایەوێ ئەو کارە بکات".

خەرازی دەڵێ: لە ماوەی چەند رۆژێکدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆممان لە ٢٠٪ـەوە بۆ ٦٠٪ بەرزکردەوە، هەر بۆیە بە ئاسانیش دەتوانین ئەو ئاستە بە ٩٠٪ بگەیەنین.

لێدوانەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی باڵای ئێران، وەڵامدانەوەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و لێدوانەکانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکایە لە میانەی سەردانە چواررۆژییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەو سەردانەدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل رێککەوتنێکی ئەمنی دژی ئێرانیان واژوو کرد. بایدن، هاوتا ئیسرائیلییەکەی دڵنیاکردەوە کە "هیچ کات ئێران دەست بە چەکی ئەتۆمی راناگات".

هاوکات لاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،  دووپاتی کردەوە کە "تەنیا هێز" دەتوانێ تاران لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی بوەستێنێ.

جۆو بایدن دوای ئیسرائیل، سەردانی فەلەستینی کرد و لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکای کەنداو کە لە جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشداری کرد.

سەقامگیربوونی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی جۆو بایدن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بوو.