وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: لەم کابینەیەدا توانیومانە 5 هەزار و 431 کۆمپانیا و 41 هەزار و 701 کرێکار دەستەبەر بکەین

"له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆییه‌مدا 690 هه‌زار خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت هاوكاری كراون"
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هه‌ولێر:

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆییه‌م 690 هه‌زار خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت هاوكاری كراون و خانەکانی منداڵانمان بەپێی تەمەن رێکخستووه‌تەوە و توانیومانە 390 خوول لە سەنتەرەکانی راهێنانی پیشەیی بکەینەوە و راهێنان بە 2 هەزار و 649 گەنج بکەین.

وه‌زیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی له‌ گوتاره‌كه‌یدا باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی كرد و گوتی: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ و خزمەتگوزارەکان، هەموو هەژار و کەمئەندامان و کرێکاران، کارەکانیان لەلای ئێمە ڕایی دەکرێت، لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنماندا، ئێمە توانیومانە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ئەنجام بدەین.

گوتیشی: ئێمە بۆ یەکەم جار پڕۆژەیاسای چاکسازی کۆمەڵایەتیمان ئامادەکردووە، هەروەها پڕۆژەیاسای سزای جێگرەوەمان ئامادەکردووە، کە ئەگەر پەسەند بکرێت، چیتر هیچ کەسێک لەسەر دزینی شتێکى بچووکى کەمبەها، کە ناچێتە خانەى تاوانەوە حوکم نادرێت و هەردوو پڕۆژە یاسای کار و پڕۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان ئامادەکردووە و ناردوومانەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەریان و دواتر ئاراستەکردنیان بۆ په‌رلەمانی کوردستان.

کوێستان محەمەد ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە رووى چاکسازیشەوە، بە تەواوى لە ناو وەزارەتەکەماندا چاکسازیمان کردووە، بەتایبەتی لەسەر پرسەکانى ماددەی هۆشبەر و دەستدرێژی سێکسی و چەند پرسێکی دیکە. سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەهۆی کاراکردن و چالاککردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توانیومانە 5 هەزار و 431 کۆمپانیا و 41 هەزار و 701 کرێکار دەستەبەر بکەین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان پشکنەری کار دروست بکەین، ئەرکی ئەو پشکنەرانە بەدواداچوونی شوێنکارەکانە بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران، هەروەها هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەییمان چالاککردووەتەوە، لە پێناوی پاراستنی تەندروستی و ژیانی کرێکاران.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونیكرده‌وه‌، هەر لەو کابینەیەدا توانیومانە 390 خوول لە سەنتەرەکانی راهێنانی پیشەیی بکەینەوە و راهێنان بە 2 هەزار و 649 گەنج بکەین لە پیشە جیاجیاکاندا.

روونیشكرده‌وه‌، بۆ یەکەمجارە ئەنجوومەنی وەزیران سیستەمی خێزانی جێگرەوەی پەسەند کردووە، وەک هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی دونیا، ئێستا 18 منداڵمان بردووه‌تەوە ناو خێزان، خانەکانی منداڵانمان بەپێی تەمەن رێکخستووه‌تەوە، کە پێشتر هەموو تەمەنەکان پێکەوەبوون، کە ئەمە ببووە هۆی توندوتیژی و دەستدرێژی، ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕابوون، نێردراونەتەوە بەر خوێندن.

کوێستان محەمەد ئاشكرای كرد، لە سلێمانی و دهۆک خانەی سفر بۆ چوارمان کردووەتەوە و هەر لەو دوو شارەش خانەی منداڵانی پەرتەوازە و سەر شەقاممان کردووه‌تەوە، کە پێشتر ئەم منداڵانە بە بڕیاری دادگا دەنێردرانە خانەکان و تێکەڵ بە منداڵەکانی دیكه‌ دەکران، بەساڵاچووانمان لە پەککەوتەکان جیاکردووه‌تەوە و کردوومانەتە دوو خانە. هەروەها گرنگی تەواومان بە منداڵەکانی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو داوە و رێکمان خستوونەتەوە.

ئاشكراشی كرد، سەبارەت بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی کورتەباڵاکان، یاساکەیانمان لەبەرژەوەندییان هەموار کردووه‌تەوە، بە جۆرێک کە پەرە بە تواناکانیان بدرێت و وەک هەر کەسێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگە ئەرک و مافەکانی خۆیان پیادە بکەن، هەروەها مووچەی 13 هەزار کەمئەنداممان گەڕاندووەتەوە، کە بە ناڕەوا مووچەکانیان بڕدرابوو، لەگەڵ ئەوانەشدا ناسنامەی مەرکەزیمان بۆ کردوون، بۆ یەکەم جارە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا ببنە خاوەن ناسنامەی تایبەت بە خۆیان و بەهۆیەوە ماف و سەرمافەکانیان بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە چاودێری خێزان وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی له‌وه‌ كرد، لە کاتی کەرەنتینە و کەمبوونەوەی داهاتی خێزانە هەژارەکان و کرێکاران و کەمئەندامان، کابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان سێجار هاوکاریی ئەم خێزانانەی کردووە بەم شێوەیە: یەکەمجار 200 هەزار پاکێج بۆ 200 هەزار خێزان دابین کرا، دواتر 14 ملیار دینار بەسەر 140 هەزار خێزاندا دابەش کرا و هەروەها لە درێژەى ئەم پەتایە و بۆ جاری سێیەمیش 350 هەزار پاکێج بەسەر 350 هەزار خێزاندا دابەش کران.