دەستەی کەشناسیی عێراق: بوومەلەرزەکەی کەلار گوڕەکەی 4.6 پلەی رێختەر بووە

K24 - سلێمانی:
دەستەی کەشناسیی عیراق رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر لە کەلار روویداوە، کە چەقەکەی دەکەوێتە 9 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی قەزای کەلارەوە.
لە راگەیەندراوێکی دەستەی کەشناسیی عێراقدا هاتووە، "کاتژمێر 11:04 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ 18ی تەممووزی 2022، کە چەقەکەی لە دووری 9 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی قەزای کەلاری پارێزگای سلێمانی بووە، بە گوڕەی 4.6 پلەی رێختەر".
ئاماژە بەوەشدراوە، کە هاوڵاتیانی ناوچەکە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکراوە، کە بوومەلەرزەکە چ زیانێکی هەبووە؟.
بوومەلەرزە، دیاردەیەکی سرووشتییە و لە ئەنجامی جوڵەی پێکهاتەکانی ناخی زەویدا دروستدەبێت، هێز و گوڕی ئەو جوڵانە بە پلەی رێختەر دەپێورێت و هەندێکجار دەبنە هۆی رۆچوونی زەوی و داڕمانی باڵەخانە و شوێنە بەرزەکان.
