ماجد شنگالی: لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گومانیان لە مالیکی هەیە

ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک، ناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە هۆی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانی نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، پەرتەوازەیی پێوەدیارە.

K24 – هەولێر

هەفتەی گەرمی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەستیپێکردووە؛ بە هۆی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانەوە، نوری مالیکی گوشارێکی زۆری لەسەرە و کار گەیشتووەتە ئەوەی وەک سەرچاوە ئاگادارەکان باس دەکەن، تەنانەت لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەش، دژایەتی مالیکی دەکرێ.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێ بە "دیاریکردنی" رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵات، دۆخەکە هەندێ هێوربکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە (١٨ی تەمووز) سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبووەتەوە.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا، دەڵێ "ئەم هەفتەیە، هەفتەیەکی هەستیارە و گفتوگۆ و دانوستانەکان چڕ دەبن".

ڤیان سەبری، بە کوردستان٢٤ دەڵێ: لەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا زیاتر باس لە کاروباری پەرلەمانیی کرا، نەک کاری سیاسی".

ئەو دووپاتیشی کردەوە تا ئێستاش، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، رێکنەکەوتوون.

 

هێرشەکانی سەر مالیکی

ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک، ناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە هۆی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانی نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، پەرتەوازەیی پێوەدیارە.

نووری مالیکی، لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییانە کە بە ناوی ئەوەوە بڵاوکراونەتەوە، هاتە دەنگ و لەو تویتێکدا هەموو ئەو "تۆمەت"ـانەی رەتکردەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٧ی تەمووز، پارێزه‌ر "زه‌ینه‌ب جاسم باقر" به‌ تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به‌ حه‌شدی شه‌عبی و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی، له‌ دادگای كه‌رخی بەغدا، سكاڵای له‌ دژی مالیكی تۆماركردووه‌.

مالیکی لە شەشەم تۆماری دەنگیدا باسی حەشدی شەعبی دەکات و بە "خەڵکی ترسنۆک" ناویان دێنێ و بە ناڕاستەوخۆش باسی لە هێرشکردنە سەر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەکات.

ماجد شنگالی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە ئەو تۆمارە دەنگییە، کێشەی "گەورە"ـی لێ دروست دەبێت.

ئەو بە کوردستان٢٤ دەڵێ: ئێستا هەموو پێکهاتەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، دژی خۆکاندیدکردنەوەی نووری مالیکین بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. ئەوان گومانیان لە مالیکی هەیە بەوەی ئەگەر جارێکی دیکە دەستەڵات بەدەستەوە بگرێ، دژیان بوەستێتەوە".

هەڵبەت ئەو ترسە لای نووری مالیکی زیاترە و گومانی ئەوەی هەیە دوای ئەوەی لە دەستەڵاتدا نەما، بە هۆی کۆمەڵێک تۆمەت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێ.

 

کۆبوونەوەیەکی بێئەنجام

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بێئەنجام بوو و نەیانتوانی لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رێک بکەون.

هاوکات تا ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر کاندیدەکانی خۆیان سوورن.

رێبوار ئیسماعیل ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە کورستان٢٤ دەڵێ، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتوون.

ئەو بە کوردستان٢٤ دەڵێ: گفتوگۆی راستەخۆ و ناراستەوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بەردەوامە.

یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و پارتیش پۆستەکە بە پشکی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێ.

کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەڵێ: پارتی لەسەر ئاستی کوردستان، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و وەرگرتنی ئەو پۆستەش بە مافی خۆی دەزانێ.